نێودەوڵەتی

بریتانیا بڕیاریدا پێشوازی له‌20 هه‌زار په‌نابه‌ری ئه‌فغانی بكات

شكۆی كوردستان-

حکومەتی بریتانیا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی تەواوی خاکی ئەفغانستانی کردوە و هەزاران کەسیش بەهۆی بونی مەترسی لەسەر ژیانیان دەیانەوێت بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچ بکەن،  بۆیە بەگوێرەی پلانێک لەماوەی داهاتودا 20 هەزار هاوڵاتی ئەفغانستان دەگوازرێنەوە بۆ بریتانیا و کاری لەپێشینەش بۆ ژنان و منداڵان دەبێت.

لە قۆناغی یەکەمدا 5000 هاوڵاتی ئەفغانستان دەگوازرێنەوە بۆ بریتانیا

پریتی پاتێل، وەزیری ناوخۆی بریتانیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندوە، لە قۆناغی یەکەمدا 5000 هاوڵاتی ئەفغانستان دەگوازرێنەوە بۆ بریتانیا و کاری لەپێشینەش بۆ ئەوانە دەبێت کە لەگەڵ هێزەکانیان لەئەفغانستان کاریان کردوە، هەروەها  ژنان و منداڵانیش بەپلەی دوەم لە بڕیارەکە سودمەند دەبن.

بەتەنها ناتوانین وەڵامدەرەوەی سەرجەم پێداویستییەکانی هاوڵاتیانی ئەفغانستان بین

ئاماژەی بەوەشکردوە، پرسی هاوکاریکردنی هاوڵاتیانی ئەفغانستان بابەتێکە بەتەنها ناتوانن و وەڵامدەرەوەی سەرجەم پێداویستییەکانیان بن.

 ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیانی ئەفغانستان دەگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان 

دوێنێش بۆریس جۆنس سەرۆک وەزیرانی بریتانیا و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دۆخی ئەفغانستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و باسیان لە بەردەوامی هاوکاری خەڵکی ئەو وڵاتە و گواستنەوەی ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵاتەکەیان کردوە کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست بوە.

15ی ئاب چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی تەواوی  ئەفغانستانی کرد

15ی ئاب چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان چونە نێو کۆشکی کۆماریی ئەفغانستان و دەستیان بەسەردا گرت، هەروەها لەئێستادا تاڵیبان کۆنتڕۆڵی تەواوی خاکی ئەفغانستانی کردوە و رایگەیاندوە، نێردە دیپلۆماسییەکان و سەرکردەکانی پێشوی وڵات دڵنیادەکەینەوە کە هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close