نێودەوڵەتی

تاڵیبان ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌فغانستاندا گرت…یه‌كه‌م لێدوانی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ دوای هه‌ڵهاتنی

شكۆی كوردستان-

ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان دوای چەند کاتژمێرێک لەجێهێشتنی وڵاتەکەی رایگەیاند، جێهێشتنی کابوڵ بۆ ئەوەبو رێگری بکەن لەوەی جەنگێکی خوێناوی روبدات و سەرەڕای ئەوەش کە تاڵیبان جەنگی بردەوە، بەڵام “دڵی گەلی ئەفغانستانی دۆڕاند”.

هاوڵاتیانی ئەفغانستان لەداهاتوی خۆیان دەترسن

ئەشرەف غەنی، سەرۆکی ئەفغانستان لەهەژماری فەرمی خۆی لەفەیسبوک باسی لەوەشکردوە، بزوتنەوەی تاڵیبان لەئێستادا لەبەردەم بەرپرسیاریەتییەکی مێژوییدایە و زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەفغانستان لەداهاتوی خۆیان دەترسن.

 بزوتنەوەی تاڵیبان پلانێکی رونی بۆ داهاتو هەبێت

ئاماژەی بەوەشکردوە،  باوەڕی تەواوی هەبوە کە ئەگەر لەکابوڵ بمێنێتەوە جەنگ و پێکدادانی ناوخۆیی رویدەدا، داواش دەکات بزوتنەوەی تاڵیبان پلانێکی رونی بۆ داهاتو هەبێت و خەڵکیشی لێ ئاگاداربکاتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە ئێوارەی ئەمڕۆ چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان چونە نێو کۆشکی کۆماریی ئەفغانستان و دەستیان بەسەردا گرت. بەپێی هەندێک سەرچاوەش، 40 بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی کابوڵ. 

ئەنجومەنی ئاسایش لەبارەی دۆخی ئەفغانستان کۆدەبێتەوە

هەروەها ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، سبەی دوشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان بەمەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ئەفغانستان دوای کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتەکە لەلایەن تاڵیبان کۆدەبێتەوە.

 جێگەی نیگەرانیە ئەو سوپایە بەرامبەر تاڵیبان بەرگری نەکرد

پەیوەست بەم بابەتەش لۆید ئۆستن، سوپاسالاری ئەمریکا رایگەیاند، هەرچەندە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە راهێنان بەهێزەکانی ئەفغانستان دەکەن و نوێترین چەکی پێشکەوتویان بۆ دابینکراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە ئەو سوپایە بەرامبەر تاڵیبان بەرگری نەکرد.

مەترسی هەیە قاعیدە ریزەکانی یەکبخاتەوە

ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕنەکردنی سوپای ئەفغانستان بەهۆی نەبونی سەرکردایەتییەوە بوە و مەترسی ئەوەش هەیە لەداهاتویەکی نزیکدا ئەو وڵاتە ببێتەوە بەشوێنێک کە رێکخراوی قاعیدە ریزەکانیان لەناویدا یەک بخەنەوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close