کوردستانی

دانوستانی نێوان هەولێر و بەغداد دەستپێدەكاتەوە…..شاندێكی حكومی لەبەغدادە

شكۆی كوردستان-

دوێنێ شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی بەغدادیان كرد بەمەبەستی ئەنجامدانی رێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ حكومەتی ناوەند، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێم پێشتر رێگەی بۆ ئەنجامێكی باش خۆشكردوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان، سەردانی ئەمجارە بۆ گفتوگۆکردنە لەبارەی چەند دۆسیەیەک، لە سەرووی هەموویانەوە دۆسیەی نەوت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی پێشوەختەی لەسەر رادەستکردنی بڕێکی دیاریکراو بە حکومەتی عێراق داوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی شكۆی كوردستان، لە گفتوگۆی ئەمجارەدا چەند پرسێک تاوتوێدەکرێن، لە سەرووی هەموویانەوە پرسی نەوت، چونکە گرێکوێرەی هەموو پرسەکانی دیکەیە. هەروەها باسی بودجە، داهاتی خاڵە سنوورییەکان، داهاتی نێوخۆیی، سەردانی لیژنەی چاودێری بۆ خاڵە سنوورییەکان و راپۆرتی چاودێریی دارایی دەکرێت.

سەردانەکە لە کاتێکدایە رێکارەکانی تایبەت بە رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت کاریگەریی گەورەیان لەسەر ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێهێشتووە.

لەوبارەیەوە د. ریاز مەسعودی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیروون کە لەلایەن موقتەدا سەدر پشتیوانیی دەکرێت راگەیاندوە، خواستێکی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەیە. هاوکات بە دووری دەزانێت ئەمڕۆ شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بگەنە رێککەوتن.

د. ریاز مەسعودی باسی لەوەش كردوە، “لە هەرێمی کوردستان بۆچوونی جیاواز هەن، باشتر وایە بۆچوونەکان یەکبخرێن و هەرێمی کوردستان لەپێناو عێراق کە هەمووان دەگرێتەوە، سازش بکات بۆ ئەوەی بەغدا و هەولێر بگەنە رێککەوتن”.

پێش چوونی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتییەکە و بەشێکی زۆری هێزە سیاسییەکان کۆبووەوە. نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، كاتى ئه‌وه‌يه‌ بگه‌ينه‌ تێگه‌يشتنێكى هاوبه‌ش و هه‌موو دۆسيه‌كان يه‌كلایی بكه‌ينه‌وه.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close