تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان-
١- هیچ زمانێک لە زمانێکی دیکە، باشتر و پێشکەوتووتر نییە.
ئەمە ڕاستییەکی زمانناسییە. سۆسێر هەر زوو درکی بەو ڕاستییە کردووە، چەمکی پێشکەوتن و دواکەوتنی داوەتە پاڵ نەتەوە، نەک زمان. گوتوویەتی:
ئەرکی سەرەکیی بابەتی زمانەوانی ئەوەیە، لە هەموو ڕواڵەتەکانی ئاخاوتن بکۆڵێتەوە؛ جا ئەو زمانە لەلـایەن نەتەوەیێکی پێشکەوتوو بەکاربهێنرێت، یان لەلـایەن نەتەوەیێکی دواکەوتووەوە.
لێ ئەوە هەیە: کە زمان پێویستە خزمەتی بکرێت، تا گەشە بکات و پێویستییەکانی خۆمانی لێ وەدەستبخەین، دەنا سیس و بێبەر دەبێت.
٢- ڕەخنەی زمانی، بۆشایی و کەلێنێکی گەورەی دونیای نووسینی ئێمەیە.
کتێب و توێژینەوەکانمان، هەڵەیان تێدایە، هەڵەکان پاتەدەبنەوە، نەقشیان گرتووە، ناشکێرێن؛ کە پێویستە بشکێنرێن.
زانیارییەکانی نێویان، سنوردارن، نۆژەننەکراونەتەوە، پێویستە پڕشنگی دراوە زمانناسییە تازەکانیان بەربکەوێت.
لە غیابی ڕەخنەی زمانیدا، نووسینی باش و بێکەڵک تێکەڵبوونە و، خراپ نووسین نەبووەتە عەیبە؛ کە پێویستە ببێتە عەیبە و تاوان.
٣- برەودان بە کۆکردنەوە و تۆمارکردنی داتای ئەلکترۆنیی بۆ نووسین و وشەی کوردی، تا ببنە کەرەسە و سەرچاوەی توێژینەوە، بەتایبەت لە ناوەندە جیهانییەکانی تایبەت بە هەڵسەنگاندن و چاودێریی زمانان.
هاوکات برەودان بە هۆکاری دیگیتاڵی بۆ زمانی کوردی، تا بە شێوەیەکی ئاسان و ڕاست بخرێتە بەردەستی بەکارهێنەران و، داتاکانی زمانەکەشمان لە هەڵەی زۆر و زەوەند بپارێزین.
٤- بوونی ئەکادیمیای کوردی ئاماژەیێکی باشە، کە ئەو زمانە مشورخۆرێکی هەیە. بەڵـام پێویستە باشتر بە کار و ئامانجەکانی خۆیڕا بگات و ئەندامەکانی کۆشش بکەن، ئەکادیمیا مافی بەکارهێنانی دەستەڵـاتەکانی هەبێت. سەرباری ئەوەی پێویستیی بە پێداچوونەوە و نوێبوونەوە هەیە.
٥- باشە دەستەواژەی “زمانی دایک”، بۆ جێی بە “زمانی زگماک” لەقکرد! تێناگەم ئەمە لە بێئاگاییەوەیە، یان سۆزدارانە لەبەر خاتری “دایک” ئەمە وای لێ کراوە.