سه‌ربه‌ست عه‌لى – هه‌ولێر
به‌شێك له ئه‌ندامان و فراكسیۆنه‌كان، له ئه‌داى په‌رله‌مانى كوردستان ڕ‌ازى نین و داواده‌كه‌ن په‌رله‌مان به ئه‌ركى چاودێرى و یاسادانانى خۆى هه‌ڵبستێت و نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌رى حكومه‌ته‌وه.
په‌رله‌مانى كوردستان كه له 111 ئه‌ندام و زیاتر له 12 فراكسیۆن پێكدێت، زوو زوو ده‌كه‌وێته به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ى خودى ئه‌ندام و فراكسیۆنه‌كانییه‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره جیاوازى له جارانى تر، سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش ئاماده‌نییه ده‌ست به دانیشتنییه‌كان بكاته‌وه.
كێشه‌ى ئه‌و جاره‌ى نێوان فراكسیۆنه‌كان، له‌سه‌ر لێسه‌ندنه‌وه‌ى پارێزبه‌ندییه له په‌رله‌مانتاران كه له 7ى ئایار به ده‌نگى 57 په‌رله‌مانتارى پارتى و پێكهاته‌كان، پارێزبه‌ندى له سۆران عومه‌ر په‌رله‌مانتارى كۆمه‌ڵى وه‌رگیراوه به‌مه‌ش شه‌ش فراكسیۆن بایكۆتى دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانیان كرد.
عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به (شكۆى كوردستان)ى راگه‌یاند: ناكرێت سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌ناو باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مان بێت، به‌ڵام جێگر‌و سكرتێرى په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه به به‌شێك له په‌رله‌مانتاران بكه‌ن. چونكه ئێمه 53 په‌رله‌مانتار داوامان له سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كرد، كه پارێزبه‌ندى په‌رله‌مانتاران نه‌خه‌نه به‌رنامه‌ى كاره‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه گوێمان لێ نه‌گیراوه.
وتیشى: “جگه له‌و كێشه‌یه، په‌رله‌مان به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه ده‌ناڵێت، له‌وانه: جگه له چه‌ند پڕۆژه یاسایه‌كى كه‌م نه‌بێت، هیچ پڕۆژه‌یه‌كى گرنگ په‌سه‌ند نه‌كراوه، به‌ڵكو هه‌ر حكومه‌ت پڕۆژه یاسای ناردووه و په‌سه‌ند نه‌كراوه، بۆیه په‌رله‌مان بۆته پاشكۆى حكومه‌ت و حكومه‌ت به ویستى خۆى په‌رله‌مان هه‌ڵده‌سوڕێنێت”.
هاوكات سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو ده‌ڵێت: په‌رله‌مانی كوردستان به ده‌ست كێشه‌ی گه‌وه‌ره‌وه ده‌ناڵێنێت و پێویسته چاره‌سه‌ر بكرێت.
د. شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو له په‌رله‌مانی كوردستان به (شكۆى كوردستان)ى رایگه‌یاند: پەرلەمان بەدەست كێشەی گەورەوە دەناڵێنێت و ئێمە بەشدار نابین لەكۆبوونەوەیەكدا كە تەواوی سەرۆكایەتی پەرلەمان و تەواوی سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی تێیدا بەشدار نەبن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە و گێڕانەوەی شكۆ بۆ پەرلەمان.
لاى خۆیه‌وه، فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له په‌رله‌مانى كوردستان، پێیوایه ناكرێت له دۆخێك‌دا كه هاووڵاتیان به ده‌ست كێشه‌ى بێمووچه‌و بێكارى ده‌ناڵێن، په‌رله‌مان به كێشه‌ى دیكه‌وه سه‌رقاڵ بكرێت.
كاوه عه‌بدولقادر، جێگرى سه‌رۆكى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌نووسى راگه‌یاند: خه‌ڵك بژێوى خراپه و كێشه‌ى گه‌وره‌ى هه‌یه‌و ده‌بوو په‌رله‌مان لێپرسینه‌وه له حكومه‌ت بكات، نه‌ك به ده‌ست كێشه‌كانى خۆیه‌وه بناڵێنێت.
له‌باره‌ى لاوازى ئه‌داى په‌رله‌مان، عه‌لى حه‌مه‌ساڵح سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان ده‌ڵێت: “به‌داخه‌وه په‌رله‌مانێكى چالاكمان نییه، هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌یه كه په‌رله‌مان گفتوگۆى له‌سه‌ر كێشه‌ى جددییه‌كان نه‌كردووه، له‌كاتێكدا چه‌ندین داواكاریمان هه‌یه بۆ كێشه‌ى خه‌ڵك و نه‌بوونى مووچه و قه‌یرانى دارایى و خاڵه سنوورییه‌كان و گه‌نده‌ڵى له هه‌رێمى كوردستان”.
عه‌لى حه‌مه‌ساڵح به (شكۆى كوردستان)ى راگه‌یاند: ده‌بێت په‌رله‌مان له‌سه‌ر كێشه‌ى چاكسازى مووچه و نه‌وت و بانگهێشتكردنى وه‌زیره‌كان كۆببێته‌وه، ده‌بێت په‌رله‌مان له‌سه‌ر دزیكردن له خاڵه سنوورییه‌كان كۆببێته‌وه نه‌ك له‌سه‌ر كێشه‌ى لا به‌لا”.
جگه له‌و فراكسیۆنانه، فراكسیۆن یه‌كێتیش ره‌خنه‌ى له ئه‌داى په‌رله‌مان هه‌یه‌و داواده‌كات په‌رله‌مانى كوردستان چالاك بكرێت و چیتر نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌رى حكومه‌ته‌وه.
جه‌مال حه‌وێز، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى به “شكۆى كوردستان)ى راگه‌یاند: به‌پێى رێككه‌وتنى پارتى و یه‌كێتى، ده‌بوو سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كه به رێككه‌وتن دانراون، ده‌بوو به هه‌ماهه‌نگى كاربكه‌ن به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ست ده‌كه‌ین كار به‌و رێكه‌وتنه ناكرێت ئه‌مه‌ش وایكردووه په‌رله‌مانى كوردستان چالاك نه‌بێت.
وتیشى: “پێمانوایه كێشه له ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌ماندا هه‌یه‌و تاوه‌كو ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى میكانیزمى كاركردنى نه‌گۆڕێت و به خۆیدا نه‌چێته‌وه، ئێمه به‌شدارى دانیشتنییه‌كانى په‌رله‌مان ناكه‌ین”.
سه‌ره‌ڕاى ره‌خنه له په‌رله‌مانى كوردستان، هاوكات سه‌رۆكى په‌رله‌مانیش ئاماده‌نییه چیتر به‌شدارى دانیشته‌كانى په‌رله‌مان بكات و ده‌شڵێت: “بانگهێشت بۆ هیچ كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی ناكەم”.
له‌باره‌ى رۆڵى په‌رله‌مان، رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: تا شكۆ بۆ پەرلەمانی كوردستان نەگەڕێتەوە، به‌شدارى دانیشته‌كانى په‌رله‌مان ناكات، چونكه خۆى و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان له ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان نیگه‌رانن.
له‌باره‌ى ئه‌و ڕه‌خنانه‌ى له په‌رله‌مان ده‌گیرێت به‌وه‌ى په‌رله‌مان “شكۆى شكاوه”، فراكسیۆنى پارتى له په‌رله‌مانى كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌دا ڕاده‌گه‌یه‌نێت: ئەو کارانه‌ى لە پەرلەمان کراوه، کارێک نەبووە تاوەکو شکۆی پەرلەمان بشکێت، کارێک نەکراوە لە دەرەوەی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.
فراكسیۆنى پارتى له‌باره‌ى بایكۆتى لایه‌نه‌كان، ده‌ڵێت: “فراکسیۆنەکان بڕیاری سیاسیان پێ نییە بۆ ئەوەی بایکۆتی کارەکانی پەرلەمان بکەن. بایکۆت لە کاری فراکسیۆنی و دانیشتنی پەرلەمان بریتییە لەوەی لەسەر بابەتێکی دیاریکراو بایکۆت دەکرێت نەک لە پڕۆسەی سیاسی بە تەواوەتی دوور بکەوێتەوە”.
له‌باره‌ى “لاوازى ئه‌داى په‌رله‌مان” و ئه‌و ڕه‌خنانه‌ى لێى ده‌گیرێت، دكتۆر عه‌زیز سواره چاودێرى سیاسى به (شكۆى كوردستان)ى وت: “به‌داخه‌وه له كوردستان په‌رله‌مانیش كه‌وتۆته‌وه نێو ململانێكانه‌وه، بۆیه هه‌ركاتێك نێوانى حزبه‌كان باش نه‌بێت ئه‌وا په‌رله‌مانیش لاواز ده‌بێت، بۆیه ئێستا نێوانى پارتى و یه‌كێتیى وه‌كو دوو حزبى حكومڕان خراپه، له‌به‌رئه‌وه په‌رله‌مانیش خه‌ریكه په‌كیده‌كه‌وێت و ناتوانێت كاره‌كانى بكات”.
ئه‌و چاودێره سیاسییه، پێیوایه ده‌بێت فشاره‌كان له‌سه‌ر حزبه‌كانى ده‌سه‌ڵات چڕ بكرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى چیتر ده‌ست نه‌خه‌نه ناو كاروبارى په‌رله‌مانه‌وه و په‌رله‌مان خۆى ئازاد بێت له بانگهێشتكردنى وه‌زیره‌كان و لێكۆڵینه‌وه له كێشه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌وه په‌رله‌مان ناتوانێت چاودێرى كاره‌كانى حكومه‌ت بكات.