نێودەوڵەتی

په‌یامی سوپاسگوزاری سه‌در به‌هۆی كۆتایهاتنی ده‌نگدانی تایبه‌ت

شكۆی كوردستان-

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دوای تەواوبوونی دەنگدانی تایبەت لە گوتارێکدا رایگەیاند کە دەیانەوێت سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق سەر بە رەوتی سەدر بێت، دواتر لە تویتێكدا سوپاسی شەش لایەنی کرد، “سوپاس بۆ خودا لە سەرەتا و کۆتاییدا، سوپاس بۆ مەرجەعییەت، سوپاس بۆ هێزە ئەمنییەکانمان بە هەموو جۆرەکانیانەوە، سوپاس بۆ کازمی برا، سوپاس بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و سوپاس بۆ دەزگای هەڵبژاردن”

لە بەشێكی دیکەی تویتەکەیدا سەدر لەبارەی تەواوبوونی دەنگدانی تایبەت بەو لایەنانە دەڵێت، “ئەو هەڵوێستەتان لەیاد ناکەین و لە خزمەتتان دەبین، ئەگەر بێتو چاکسازیی لایەنگری هەبێت”.

تویتەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی هەینی 08-10-2021 و دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق، سەدر لە گوتارێکدا رایگەیاند: “رەنگە بەشێکتان باوەڕتان بەوە نەبێت دەنگبدەن، بەهۆی ئەو کەمتەرخەمییە روونەی کە لە هەموو حکومەتەکانی پێشوودا بینیوتانە، بەڵام من دەمەوێ سەرنجتان بۆ بابەتێکی گرنگ رابکێشم، ئەویش ئەوەیە کە رێگەی چاکسازیی رێگەیەکی درێژە؛ هەروەها بەرەی چاکسازی پێشتر زۆرینەیەکی باشی لە پەرلەمان بەدەستنەهێنا و لە پرۆسەی سیاسی و لە حکومەتیشدا پێشەنگ نەبوو تاوەکو سەرۆکوەزیرانێکی سەدری هەبێت؛ ئەو پۆستە قۆرخ کرابوو بۆ ژمارەیەک لەوانەی کە سەر بە حیزبەکانن، دواتر کردمانە سەربەخۆ، ئەمڕۆ دەیکەین بە سەدری”.

موقتەدا سەدر گوتیشی، “پێکهێنانی زۆرینە و وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بابەتێکی نوێیە، بەڵام من دەڵێم ئەوە چەکێکی کاریگەرە بۆ چاکسازی و لەناوبەری گەندەڵییە ئەگەر بەدیبێت، تەنانەت ئەوە چەکێکی بەهێزە دژی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل، داگیرکاری، ریسوابوون، پاشکۆیی، ستەم و هەژاری.”

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەدر ئاماژەی بەوەکرد، “دەتوانم بەڵێنتان پێبدەم نیشتمان سەردەخەم لە رێگەی دوورخستنەوەی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی شکۆی ئەوەی کە فەوتاوە، لەگەڵ بە جیددی هەوڵدان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتی و شکۆی و بژێوی و ئاسایشی، بەڵام ئەوە تەنیا بە بەشداریی ملیۆنی لەو فێستیڤاڵە نیشتمانییەی هەڵبژاردن بەدی نایات، بەڵکو دەبێ بەردەوام بن لە هەوڵی جەماوەری لەگەڵم بۆ ئەوەی بتوانم گۆڕانکاری راستەقینە و بەکردار ئەنجام بدەم، بە تایبەت کە دژبەرمان دەبێت و زۆر هەوڵدەدرێت سەرنەکەوین و سەرکەوتوو نەبین”.

رابەری رەوتی سەدر لە کۆتایی گوتارەکەیدا باسی ئەوەشی کرد: “ئەگەر لەگەڵ بەدیهێنانی زۆرینە و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیش سەرکەوتوو نەبم لە سەپاندنی چاکسازی بە هەموو دیوەکانی لە عێراقی خۆشەویست، ئەوا تێکەڵی ناڕەوا و گەندەڵی نابم”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close