کوردستانی

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری كەمكردنەوەی موچەی دەركرد

شكۆی كوردستان-

ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێكی لەبارەی دۆخی دارایی هەرێم دەركرد و تیاید بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی ڕێژەی 21% خەرجییەكانی موچە و شایستەی دارایی موچەخۆرانی گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێم.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2020/6/21 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا.

لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی دارایی ئێستای هەرێم و هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کرا.

یەكەم:
أ: تەمویلكردنی ڕێژەی 79% خەرجییەكانی موچە و شایستەی دارایی موچەخۆرانی گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێم.
ب: ڕاگرتنـی تەمویلكردنی ئەو ڕێژەی 21% دەمێنێتەوە لەلایەن وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەسەر سەرجەم موچەخۆران جێبەجێ دەكرێت بە ڕەچاوكردنی زۆریی و كەمیی شایستەی دارایی موچەخۆر.
ج: خەرجكردنی تەواوی 100% شایستەی دارایی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەو موچەخۆرانەش كە شایستەی داراییان (300)هەزار دینار و خوارتره.

گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بڕگەكانی ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن
د: خەرجكردنی تەنیا ڕێژەی 50%شایستەی دارایی ڕاسپێردراوان بە خزمەتی گشتی و خاوەن وەزیفە باڵاكان و پلە تایبەتەكان لە (سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكانیان و ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرەكان و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و بریكارەكانی وەزارەت و ئەوانەی بە پلەی ئەوانن و ئەوانەی موچەی بریكاری وەزارەت وەردەگرن و خاوەن پلە تایبەتەكان و ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچونەوە و سەرجەم دادوەران و ئەندامانی داواكاری گشتی و گشت ئەو كەسانەی بەپێـی خشتەی كارپێكراوی موچە، موچە و دەرماڵەی هەردو پلە باڵای (أ) و (ب) وەردەگرن لەسەر میلاكی شارستانی و سەربازی و ئەنجومەن و دەزگای ئاسایش و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ).
هـ: بڕگەی سەرەوە ئەو كەسانەش دەگرێتەوە كە بەو پلە و وەزیفانە خانەنشین كراون یا لە دوای جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە شایستەی موچەی خانەنشینی دەبن بەو وەزیفە و پلانە.

دوەم:
أ : پێویستە وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕێنمایی دارایی پێویست بۆ ئاسانكاری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە دەربكات. ب : میکانیزمی هاتو لەم بڕیارە، ڕێکارێکی کاتییە و تەنیا بۆ موچەی ئەمجارەیە کە دابەش دەکرێت .
ج : گشت وەزارەت و دەستە و لایەنەكانی نەبەستراو بە وەزارەت و سەرجەم سەرۆکایەتی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بڕگەكانی ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن لەبەر ڕۆشنایی ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری و بە ڕەچاوكردنی ڕێنماییەكانی خۆپارێزیی وەزارەتی تەندروستی لە كاتی دابەشكردنی موچە.
سێیەم:
ڕاسپاردنی لیـژنەی باڵای دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە ئەنجام بە ئاڕاستەی دابینكردنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
چوارەم:
ڕاسپاردنی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ وەرگرتنـی ڕێكاری پێویست بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ژمارە (2)ی ساڵی 2020 كە لە سەرەتای مانگی تەمموزی 2020دا دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close