کوردستانی

لەگرتوخانەكانی هەرێم چوار كەس توشی كۆرۆنا بون

شكۆی كوردستان-

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چوار تووشبووی کۆرۆنا لەناو زیندانەکانی هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون، کە سێیانیان کارمەندی چاکسازیی گەورەی پیاوانن، لەگەڵ ژنێکی راگیراو لە چاکسازیی ژنان و نەوجەوانانی هەولێر.

زیا پترۆس، سەرۆکی دەستی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لەمیانەی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا هۆشداریداو رایگەیاند، “رەوشی نێو زیندانەکان مەترسیدارە” .

زیا پترۆس ئاشكراشیكرد، “پێش ماوەیەک ئاگادارکراینەوە کە لە چاکسازی سلێمانی چوار بەندکراو تووشی کۆرۆنابوون، نووسینگەی سلێمانی دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوونیان کرد راپۆرتیان ناردەوە، هەروەها خۆم پەیوەندیم بە بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی سلێمانییەوە کرد، بۆمان دەرکەوت تووشبووەکان سێ کەسن و کارمەندی چاکسازییەکەن و لەوێ کاردەکەن، کەسێک لە بەشی یاسا، کەسێک لە بەشی راگەیاندن لەگەڵ کارمەندێکی بەشی جێبەجێکار”.

بەهۆی تۆمارکردنی ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا لە چاکسازی سلێمانی، ماوەی 10 رۆژ لە چاکسازییەکە کراوەتە پشوو و تەنیا ستافی پێویست کاردەکەن، بەگوێرەی قسەکانی سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ.

هەر لە چاکسازی سلێمانی، سزادراوێک بە ناوی (ع.ر) ماوەی دوو رۆژ لە ژوورێکی تاکەکەسی لەناو زیندانییەکە کەرەنتینکراوە، بەهۆی ئەوەی گومانی لەسەر بووە کە تووشبووی کۆرۆنایە، بەڵام ئەنجامی پشکنینەکەی نێگەتیڤ بووە.

سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ وتیشی، رۆژانە نزیکەی 12 تەلەفۆنی لەناو زیندانەکانەوە لەلایەن زیندانییەکانەوە بۆ دەکرێت و دەڵێت: “دەڵێن رەوشیان خراپە و بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. نازانم چۆن مۆبایلیان پێیە لەناو زیندان، چونکە هەڵگرتنی مۆبایل بۆ ئەوان قەدەخەیە”.

لە هەولێریش، لەناو چاکسازی ژنان و نەوجەوانان، تووشبوویەکی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە ژنێکی راگیراوە.

لە هەولێر بەشی راگرتنی ژنان نییە، بۆیە راگیراوان و سزادراون پێکەوە زیندانی دەکرێن لە چاکسازی ژنان و نەوجەوانان.

زیا پترۆس دەڵێت، “زانیاریمان پێگەیشتووە کە تووشبوویەکی کۆرۆنا لەناو چاکسازی ژناندا هەیە و پاش لێکۆڵینەوە بۆمان دەرکەوتووە کە ژنێکی راگیراوە و سزادراو نییە”.

بە گوتەی زیا پترۆس ئەو ژنە تووشبووە، لە ژوورێکی تاکەکەسی لە چاکسازی ژنان داندراوە و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ دەڵێت: “ناتوانن بیبەن بۆ نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا، چونکە لە نەخۆشخانە دەبێت پاسەوانی لەگەڵ بێت، پاسەوانیش ناتوانێت لەناو سەنتەری کۆرۆنا بمینێتەوە، پێمانگوتن باشە ئەم ژنە گوناهی چییە کە نابرێت بۆ نەخۆشخانە، گوتیان تیمی پزیشکی لە زیندان سەردانی دەکەن”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close