نێودەوڵەتی

لەكۆتایدا ترەمپیش ناچاربو دەمامك بەكاربهێنێت

ۆ یەکەمجار دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەکاتی سەردانیکردنی دامەزاروەیەکی پزیشکی- سەربازی لە دەرەوەی واشنتن بە دەمامکەوە دەركەوت، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر  رەتیكردۆتەوە دەمامك بەكاربهێنێت و لەشوێنە گشتییەكان بەدەمامكەوە دەربكەوێت.

شەوی رابردو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا سەردانی ناوەندی واڵتەر ریدی پزیشکی – سەربازی نیشتیمانی کرد، لە سەردانەکەدا بۆ یەکەمجار ترەمپ بە دەمامکەوە دەرکەوت.

ترەمپ پێش سەردانەکەی بە رۆژنامەنوسانی کۆشکی سپی راگەیاند، “لەو سەردانەم چاوم بە کۆمەڵێک کەس دەکەوێت، کە هەندکیات تازە لە ژوری نەشتەرگەری هاتونەتە دەرەوە، لەبەرئەوە شتێکی زۆر باش دەبێت کە دەمامک ببەستم”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لەو سەردانەی بۆ نەخۆشخانەی واڵتەر رید لە نزیکەوە بینینی ئەو سەربازە بریندارانەی وڵاتەکەی بوە، کە لەبەرەکانی بەرەنگاربونەوەی پەتای کۆڤید-19 کاریانکردوە.

نۆی ئەم مانگەش ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی فۆکس نیوز-ی ئەمریکی رایگەیاندبو، “لەو بڕوایەدام بەستنی دەمامک کارێکی باش دەبێت ئەگەر وا بکات دەرونت ئارامتربێت، لە هەندێک بارودۆخی تایبەتدا گونجاوە دەمامک ببەستیت، وەک سەردانیکردنی نەخۆشخانە”.

ئەمە لەکاتێکدایە بۆ ماوەی سێ رۆژە لەسەر یەک ژمارەی توشبوانی کۆرۆنا لە ئەمریکا ئاستی پێوانەیی دەشکێنێت، تا ئێستا کۆی توشبوانی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکە گەیشتوەتە سێ ملیۆن و 355 هەزار و 646 کەس، لەو ژمارەیەش 137 هەزار و 403 کەس مردون.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close