ڕۆژنامەکوردستانی

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان: لەپێناوی چاكسازیدا ئامادەین لەحكومەت بكشێینەوە

تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان-شةرمين كاكةيى – سليَمانى

90%ی ئیشی ئێستای پەرلەمان وەستاوە و بەپێچەوانەی ئەركی پەرلەمانییەوە ئیش دەكەن

ئێستا هەرێم لەمەترسییەكی گەورەدایە

عەدنان عوسمان، وتەبێژ و سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، بزووتنەوەكەیان وەك چۆن بڕیاریدا لەپێناو چاكسازیدا لەحكومەت بن، لەپێناوی چاكسازیشدا ئامادەن لەحكومەت بكشێنەوە. سەبارەت بەئەدای پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت “لەئاستێكی زۆر خراپدایە، دەتوانم بڵێم 90%ی ئیشی ئێستای پەرلەمان وەستاوە و بەپێچەوانەی ئەركی پەرلەمانییەوە ئیش دەكەن”.

بزوتنەوەی گۆڕان لەم خولەی پەرلەماندا خاوەنی 12 كورسییە و وەك هێزی سێیەمیش بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە، عەدنان عوسمان لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (شكۆی كوردستان) باسی پلانی داهاتووی بزووتنەوەكەیان بۆ ساڵی نوێی تەمەنی دەكات.

شكۆی كوردستان: وا 11 ساڵ بەسەر دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان تێپەڕی، دۆخی نێوخۆیتان چۆنە و بۆ قۆناغی داهاتوو پلانتان چییە؟

عەدنان عوسمان: كۆمەڵێك پلانمان هەبوو لە دوو ئاستی گرنگدا، یەكەمیان لەڕووی ناوخۆیی و رێكخستنەوە كە هەوڵ بدەین لەو رِووەوە تۆكمەی بكەین و بازنە و رایەڵە و مەكۆكان بەهێز بكەین، كۆنفرانسی قەزا و نیشتمانی سازبكەین. ئاستی دووەمیش كاركردن لەسەر مەسەلە سیاسییەكان و گەشەكردنی سیاسی و بەهێزكردنی هەڵسوڕاوان، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی كۆرِۆناوە كۆبوونەوەی فراوان نەكراوە و دوامانخستوون، دوای كۆرِۆنا ئێمەش دەڕۆینەوە سەر نەخشەكان و كاریان لەسەر دەكەین.

شكۆی كوردستان: لەهەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ژمارەی كورسیتان لە 24 كورسییەوە بۆ 12 كورسی دابەزی، خەڵك ئومێدی بەم ستافە نوێیەی سەركردایەتی گۆڕانە، بۆ داهاتوو دەتوانن ژمارەی كورسییەكان زیاد بكەنەوە؟

عەدنان عوسمان: بەو پێیەی لەسەرەتاوە تا ئێستا لەناو گۆڕانم، من پەیامی گۆڕانم لا گرنگ بووە، كاك نەوشیروان پەیامی گۆڕان و پەیامی چاكسازی و چاككردنی دام و دەزگاكانی لا گرنگ بووە، ئێستا سەیری ئەوە ناكەم كورسییەكانمان هاتۆتە خوارەوە، لەوانەیە وەك حیزبی سەیری بكەم بەدڵنیاییەوە حەزمان دەكرد كورسییەكانمان دوو قات بێتەوە، نەك بۆ نیوە بێتە خوارەوە، بەڵام كە دەبینم پەیامی ئێمە ئێستا بۆتە كارنامەی بەشێك لەحیزبەكان و باسی لامەركەزی و بژێوی خەڵك دەكەن و دادپەروەری دەكەن، ئەوە پەیامە ئەسڵییەكەی ئێمە بووە، بۆیە هەست دەكەم لەڕووی كورسییەوە پاشەكشەمان كردووە، بەڵام لەڕووی گوتارەوە هێزێكی گرنگ و كاریگەرین ئێستا، گوتارمان بۆتە وێردی سەر زمانی كۆمەڵگە و خەڵك.

شكۆی كوردستان: ساڵێك بەسەر دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم تێپەڕی و ئێوەش بەشدارن، ئەدای حكومەتتان پێ چۆنە، لەكاتێكدا مووچە نییە و بژێوی خەڵك خراپە؟

عەدنان عوسمان: ئێمە رِەخنەمان گرتووە لەوەی هەنگاوەكان زۆر خاو دەڕوات، فشاریشمان كردووە بۆ خێراكردنی هەنگاوەكان، هەندێك بیانوو هەیە تاڕادەیەك مەعقولَیشن بەتایبەتی كۆرِۆنا و دابەزینی نەوت و كێشەكان لەگەڵ بەغداد، بەڵام وەك چۆن وڵاتان چارەسەریان بۆ كێشەكان دۆزیوەتەوە، دەبێت ئێمەش چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، بۆیە پێمانوابووە دەستپێكردنی ساڵی دووەمی كابینەكە دەبێت هەنگاوی جددی و عەمەلی بێت و چیدیكە كات نەكوژرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

بەشداریكردنی بزووتنەوەی گۆڕان لای هەموو خەڵك مەعلومە لەچوارچێوەی كارنامەی حكومەتەكەیە لەپێناو چاكسازییەكی رِیشەیی باشتركردنی ژیانی خەڵك، باشتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغداد و بەهێزكردنی دامەزراوەكانی حوكمڕانی لەكوردستان، هەموو هەنگاوەكانمان پابەندە بەو خاڵانەوە، ئەو خاڵانە چەند بڕۆنە پێشەوە ئێمەش لەحكومەتەكە بە بەهێزییەوە دەمێنینەوە، چەند نەڕواتە پێشەوە هەڵوێستی دیكەمان دەبێت.

شكۆی كوردستان: هەڵوێستەكەتان چی دەبێت؟

عەدنان عوسمان: هەڵوێستمان ئەوە دەبێت ئەگەر حكومەتەكە ئامادەیی ئەو گۆڕانكارییانە نەبێت كەواتە لەبەرنامەكەی خۆی پاشگەز بۆتەوە و ئەو بەرنامەیە بەمولغی دادەنێین و بەشداری ئێمەش بە مولغی دادەنرێت.

شكۆی كوردستان: كەواتە لەو حاڵەتەدا بیر لەكشانەوە دەكەنەوە؟

عەدنان عوسمان: ئێمە زۆر بەڕاستگۆیانە لەحكومەتداین لەپێناو چارەسەری كێشەكانی خەڵك، بەڵام ئەگەر كێشەكان نەڕۆنە پێشەوە بەدڵنیاییەوە ئەوە هەنگاومانە، وەك چۆن بڕیارمان داوە لەپێناو چاكسازیدا لەحكومەت بین، لەپێناوی چاكسازیشدا ئامادەی لەحكومەت بكشێینەوە.

شكۆی كوردستان: خەڵك ترسیان هەیە لەوەی ئەم كابینەیە چاكسازی راستەقینە نەكات، ئێوەش هەمان ئەو ترسەتان نییە؟

عەدنان عوسمان: ئێمەش ئەو ترسەمان هەیە، ترسێكی گەورەمان ئەوەیە كە ئیرادەی گروپی بەرژەوەندیكار لەنێو ئەو دوو حیزبە لەئیرادەی خەڵكە دڵسۆز و باشەكان بەهێزتر بن، گروپی بەرژەوەندی كە رۆڵێكی گەورەیان هەیە لەفەرهوكردنی ئابوری كوردستان ئەوەندە بەتوانا بن رێگر بن لەو چاكسازییانە، ترسیشمان هەیە سیستەمی حیزبی لەكوردستان دواتر سەركەوێت بەسەر هەر ئیرادەیەك بەسەر سیستەمی دەوڵەتداری لەكوردستاندا.

شكۆی كوردستان: ئەدای ئەم خولەی پەرلەمانتان پێ چۆنە؟

عەدنان عوسمان: ئێمە دوو بەشداری زۆر چالاكمان لەپەرلەمانی كوردستان هەبوو، یەكێكیان ساڵی 2009 وەك ئۆپۆزسیۆن توانیمان چوارچێوەی ئیشی پەرلەمان بگۆڕین، پەرلەمان خەریكی بودجە بێت و بەچەند هەفتە گفتوگۆی بودجە دەكرا، قۆناغی دووەم سەرۆكایەتی پەرلەمانمان وەرگرت كە بەشایەدی هەموو كەسێك  پەرلەمان بووە دەزگایەكی كاریگەر و گرنگ، بەڵام لەم خولەدا گۆڕان پەراوێزخرا و قەبارەی كورسییەكانی لەو ئاستەدا نییە لەهیچ پێگەیەكی نێو پەرلەماندا نین، بۆیە هەڵسەنگاندنمان بۆ پەرلەمان ئەوەیە لەئاستێكی زۆر خراپدایە، ململانێكان سیاسین و پەرلەمان بەوەزیفە كردارییەكەی خۆی كە چاودێریكردن و پەسەندكردنی بودجە و بەرگریكردنە لەژیانی خەڵك ئەوە ناكات، پەرلەمانتار ئێستا بوونەتە چەند بەرەیەك بۆ دژایەتیكردنی سیاسی یەكدی و بەیاننامە دەركردن لەسەر یەك، نە لیژنەی هاوبەش هەیە، نە بەدواداچوون هەیە، دەتوانم بڵێم 90%ی ئیشی ئێستای پەرلەمان وەستاوە و بەپێچەوانەی ئەركی پەرلەمانییەوە ئیش دەكەن، ساڵی 2009 ئێمە ئۆپۆزسیۆن بووین و زۆر توند بووین بەرامبەر دەسەڵات، بەڵام دەیان لیژنەی هاوبەشمان هەبوو، رەخنەمان لەیەكدیش دەگرت، بەڵام وەزیفە پەرلەمانییەكە كە چاودێریكردن بوو، پەسەندكردنی بودجە بوو پێی هەڵدەستاین.

شكۆی كوردستان: ئەو گلەییە بۆ پەرلەمانتارانی خۆیشتانە؟

عەدنان عوسمان: قسەكە لەسەر پەرلەمانێكی موشەخەس نییە، ئەوەندەی قسە لەسەر كۆی سیستەمی پەرلەمانی كوردستانە، سیستەمی پەرلەمانی لەكوردستان لەتەراجوعێكی گەورەدایە، ئێستا پەرلەمان یەكێكە لەدەزگا پەراوێزخراوەكان، فراكسیۆنەكەمان دەیان پڕۆژەی باشی پێشكەشكردووە، هەوڵیداوە و كاریكردووە.

شكۆی كوردستان: راتان لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم چۆنە بەو پێیەی یەكێك لەجێگرانی سەرۆكی هەرێم لەپشكی ئێوەیە؟

عەدنان عوسمان: سەرۆكایەتی هەرێم هێشتا ئیشكالیەتی هەیە، ئێمە پێمانخۆشە ئەو دامەزراوەیە چەترێكی بەهێز بێت بۆ هەموو لایەنەكان، ئەو دۆسیە گرنگانەی لەبەردەستیەتی كاری لەسەر بكات، بەڵام ئێستا بەپێی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم بێت دەبێت فەرماندەیی هێزی چەكدار لای سەرۆكایەتی هەرێم بێت، دەبێت ئاسایشی نیشتمانی لای سەرۆكایەتی هەرێم بێت، ناتوانم بڵێم لەسەرۆكایەتی هەرێم هەوڵ نەدراوە، بەڵكو هەوڵ دراوە و سەردانی لایەنەكانیان كردووە و هەوڵیان داوە خەڵكی جۆراوجۆر لەوێ بێت، بەڵام هێشتا ئەو شوێنەی خۆی نەگرتووە.

شكۆی كوردستان: لەگەڵ پارتی پەیوەندیتان چۆنە؟

عەدنا عوسمان: پەیوەندی گۆڕان لەگەڵ لایەنەكان پەیوەستە بەو كارنامانەی كە هەمانە، لەسەر ئەساسی ئەوەی چەند لەكارنامەكان لەیەكەوە نزیك بین پەیوەندییەكانیشمان لەیەكەوە نزیك دەبن.

شكۆی كوردستان: ئەی لەگەڵ یەكێتی چۆنن بەو پێیەی لەحكومەتی خۆجێی سلێمانیش پێكەوەن؟

عەدنان عوسمان: پەیوەندیمان لەگەڵ یەكێتی پەیوەستە بەجێبەجێكردنی رێككەوتنەكان، ئێستا هەست دەكەین لەناو یەكێتیدا ئیرادەیەك دروستبووە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكان و نزیكبوونەوە لەگۆڕان، هەست دەكەین ئەو رۆحیەتەی دژایەتیكردنە خاو بۆتەوە، ئێمە لەگەڵ یەكێتیدا لەم ناوچەیەدا لەحكومێكی خۆجێی تێكەڵین، تائێستاش تەجروبەیەكی سەركەوتوو بووە و پێویستە هەنگاوی گەورە بنێین بۆ شوێنەكانی دیكەش، گرنگە لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی دیكەش هەماهەنگ بین بۆ ئەوەی لەپارێزگاكانی هەولێر و دهۆكیش لەحكومی خۆجێی هێزەكان بەشدار بن.

شكۆی كوردستان: ئێوە پێتان باشە رێككەوتنی (دەباشان)ی ئێوە و یەكێتی زیندوو بكرێتەوە یان رێككەوتنێكی نوێ بكەن؟

عەدنان عوسمان: ئێمە لاریمان لەسەر هیچی نییە، ئەو رێككەوتنە سیاسییەی هەمانە زۆر باشە و لەقازانجی خەڵك و پڕۆسەی سیاسییە، رێككەوتنە خۆجێیەكەش لەسەر بنەمای هەڵبژاردنەكانی پارێزگایە و پێموایە جێبەجێكردنەكەی خێری بۆ ئەم ناوچەیە دەبێت، بەڵام ئەگەر برادەرانی یەكێتی پێیانوابێت هەندێك خاڵ پێویستی بەڕوونكردنەوەی زیاترە، ئێمە لاریمان نییە، ئەو رێككەوتنانە چوارچێوەیەكی باش بوون، بەڵام ئێستا هەنگاوی كرداریان ماوە.

شكۆی كوردستان: پۆستی پارێزگاری سلێمانی تائێستا لای ئێوەیە، نایدەنەوە بەیەكێتی؟

عەدنان عوسمان: تائێستا باسی ئەو پۆستە نەكراوە.

شكۆی كوردستان: ئێستا گفتوگۆی هەرێم و بەغداد بەردەوامە، راتان بۆ ئەو رێككەوتنە چییە؟

عەدنان عوسمان: ئەو رایەمان هەیە دەبێت لەگەڵ بەغداد لەچوارچێوەی دەستور و یاساكان پەیوەندییەكان بەهێز بكرێت، مافی هەرێم و عێراق بپارێزرێت، هاوسەنگی لەداواكارییەكانی عێراق و كوردستان هەبێت، نە بەرژەوەندی هەرێم بكەینە داواكارییەكانی عێراق، نە داواكارییەكانی عێراقیش پشتگوێ بخەین، بۆیە دەبێت هاوسەنگییەك دروست ببێت لەپێناوی بەرژەوەندی هەرێم، چونكە ئێستا هەرێم لەمەترسییەكی گەورەدایە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close