کوردستانی

راگەیەنراوێك لە وەزارەتی ناوخۆی ‌حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە

شكۆی كوردستان-

كاتژمێر 2:45 پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ، سێ شەممە، لە ناوچەی برادۆست كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكومەتی فیدڕاڵی خەریکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون کە لە خاڵە سنووریەکان دروستبووە بە مەبەستی دوورخستنی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەكە، لە لایەن فرۆكەیەكی لەشكری توركیاوە ئوتۆمبیلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور دەكرێتە ئامانج وبەداخەوە دوو ئەفسەری هێزەكە شەهید دەبن بە ناوەكانی (عمید/ محەمەد ڕەشید سلێمان، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور) و(عقید/ زوبێر حالی تاجەدین ، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور).
هەروەها (عقید/ حیسامەدین عەبدولڕەحمان حەسەن ) بریندار دەبێت.

لێرەدا دوپاتی دەكەینەوە كە پێویستە PKK و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان وعیراق وچیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە.
بەم بۆنە خەمناكەوە ، پرسە وسەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدەكان دەكەین ولە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە بە بەهشتی خۆی شادیان بكات و ھیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازین وخەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە هەموو توانا و هەوڵەكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ دوورخستنەوەی ئەم ململانێیە لە هەرێمی كوردستان.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close