ڕۆژنامەکوردستانی

عەلی حەمەساڵح: دو بڕیار 70 ملیار دینار بۆ داھاتی حکومەتی ھەرێم زیاددەکات

شكۆی كوردستان-

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دۆخی ئابوری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی گەورەدایە، تەنها پشتبەستن بەنەوت و زیادبونی ژمارەی دانیشتوان و گەندەڵی؛ نەھامەتی گەورە دێنێ و دو بڕیارە 70 ملیار دینار بۆ داھاتی حکومەت ی ھەرێم زیاددەکات”.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە نوسینێکدا لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق رایگەیاندوە، “دۆخی ئابوری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەبەردەم قەیرانێکی گەورەدایە، تەنیا پشتبەستن بەنەوت و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و گەندەڵی؛ نەھامەتی گەورە دێنێ، ڕێککەوتنی ھەرێم لەگەڵ عێراق کارێکی زۆرباشە، بەڵام بەبێ چاکسازیەکی ڕیشەیی لەنێوخۆدا ئەستەمە ھیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ عێراق بگاتە ئەنجام”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، “بە پێشنیارەکانمان بۆ چەند بڕیارێکی گرنگن، دەریدەخەین کە چۆن ھەرێم دەتوانێت لەم دۆخە دەربازی ببێت، ئەگەر ئیرادە ھەبێت،  دو بڕیاری گرنگ، کە پێویستە سەرۆکی حکومەت بیدات یەکەم، بڕیاری سەرۆک وەزیران: بڕیارماندا ئاڵگۆڕی دراو لە بانکی ئەھلییەوە بگوازینەوە بۆ سێ بانکی حکومەت لە شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک، بازرگان و کۆمپانیاکانی دراو دەتوانن دۆلار بکڕن، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە وەزارەتی دارایی ڕێکیدەخات”. 

عەلی حەمە ساڵح باسی لەوەشکردوە، “ھەتاوەکو سەرەتای 2019 گۆڕینەوەی دۆلار بۆ دینار تەنیا بۆ بانکی کوردستانی ئەھلی بو بە نرخی 18 ھەزار دینار بۆ 100 دۆلار، ھەندێک مانگ 10 ملیار و ھەندێک مانگیش گەیشتوتە 25 ملیار دینار قازانج، پاشان درایە RT BANK بە نرخی 120 ھەزار بۆ 100 دۆلار، ئێستا بانکی ناوەندی عێراق بڕیاری ھەیە ھەر 100 دۆلار بە 145 ھەزار بفرۆشێت و پێشبینی دەکرێت لە دەوروبەری 150 ھەزاردا  لە بازاڕ جێگیر ببێت”.

ئەوەشی خستەڕو، “ئێستا مانگانەی داھاتی نەوت نزیکەی 200 ملیۆن دۆلارەو بەم میکانیزمە نوێیە نزیکەی 55 ملیار دینار بۆ داھاتی ھەرێم زیاددەبێت، پێش کۆرۆنا  300 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی پێدەکرا، بە زیادبونی داھاتی نەوت ئەم بڕەش (55 ملیار دینار) زیاددەکات، ئەوانەی نەیاندەویست ئەم پرۆسە سەر بگرێت، بیانویەکیان ھەبو، دەیان وت: بانکی ناوەندی عێراق ڕەزامەند نیە”.

لەبارەی بڕیاری دوەمیشەوە عەلی حەمەساڵح رونیکردوەتەوە، “بڕیاری سەرۆک وەزیران: بڕیارماندا لە ساڵی نوێوە پاراستنی سەرجەم کێڵگە نەوتی و غازیەکان لە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت وەربگیرێتەوەو ھێزە ئەمنیەکانی وەزارەتی ناوخۆو پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی ئەم کێڵگانە لە ئەستۆ دەگرن، ئەم بڕیارەش نزیکەی 15 ملیار دینار بۆ داھات زیاددەکات، ژمارەیەک بەرپرس دژی ئەم بڕیارەن و ئێستا لێی سودمەندن، کێ ڕێگربو ھەڵمەتێکی دژ دەکرێت، بەدڵنیایی ڕێگریەکە کاتی دەبێت و بڕیارەکەش سەردەگرێت”. 

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، “بەم دو بڕیارە نزیکەی 70 ملیار دینار بۆ داھاتی ھەرێمی کوردستان زیاددەبێت، چەندین بڕیاری دیکەی گرنگ ھەن پێویستە دەربکرێن بۆ گەڕاندنەوەی دەیان ملیار دینار بۆ داھاتی گشتی”. 

بینینی زیاتر
Back to top button
Close