عارف قوربانی لەستونی رۆژنامەی شكۆی كوردستان
ئه‌گه‌ر خۆشمان توێژینه‌وه‌یەكمان نه‌بێت لانی كه‌م نیوه‌ی ئه‌وه‌ی عه‌لی وه‌ردی بۆ ناسینی كه‌سێتی تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی كردوویه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی بۆ بونیادی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و واقیعی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بزانین، به‌ڵام ده‌كرێت به سودوه‌رگرتن له ئه‌زموونی كۆمه‌ڵگە هاوشێوه‌كانی خۆمان، وێنایه‌كی نزیك له واقیعی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ببینین.
شۆڕش و راپه‌ڕینه‌كانی كوردستان، ئیداره و حوكمڕانییه‌كه‌ی ئاستی هۆشیاریی تاك و ده‌سته‌جه‌معی، دیموكراسییه‌ته‌كه‌ی، زیندویێتی كۆمه‌ڵگە و خه‌سڵه‌ته بنچینه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌كی هاوچه‌رخ. بێگومان ناتوانرێت به كۆمه‌ڵگا رۆژئاواییه‌كان به‌راورد بكرێت، هه‌ر ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه بۆ نمونه‌ی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵات و به‌دیاریكراویش نه‌ته‌وه‌كانی دراوسێمان.
له‌ناو نه‌ته‌وه‌كانی عه‌ره‌ب و فارس و توركیشدا، ئێمه زۆرتر له كۆمه‌ڵگه‌ی خێڵه‌كی عه‌ره‌بی ده‌چین نه‌ك له تورك و فارسه‌كان. بۆیه مه‌حكومین به‌وه‌ی به كراسی ئه‌وان باڵای خۆمان بپێوین. ئه‌م سه‌رباسه‌م بۆ ئه‌وه‌یه له خاڵێكی هاوشێوه‌وه لەگه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌به‌كان بچمه ناو باسی خۆپێشاندانه‌كانه‌وه. ئه‌ویش به په‌یوه‌ستبوونی كورد به به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه، كه شانبه‌شانی ئه‌و شه‌پۆله كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌ی به‌شێك له وڵاتانی عه‌ره‌بی گرته‌وه بۆ گۆڕانكاری، ته‌پوتۆزه‌كه‌ی هێشتا له‌لای ئێمه‌ش نه‌نیشتووەته‌وه.
له‌ناو ئه‌و وڵاتانه‌شدا كه به‌هاری عه‌ره‌بی كردییه مێرگی چاندنی رووه‌كێكی نوێ، به‌حوكمی زۆر هۆكار ئێمه له میسر و له توونسیش ناچین، ئه‌وه‌نده‌ی له‌نێوان لیبیا و یه‌مه‌ن و سوریادا خۆمان ده‌بینینه‌وه. ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كو‌لتوور و ئیدراكمان بۆ گۆڕانكاریی هه‌ر له ئه‌زموونی ئه‌م وڵاتانه ده‌چێت نه‌ك شتێكی دیکە. بۆیه ده‌بێت له‌وه‌شدا به‌رچاو روونبین كه ئاینده‌ی گۆڕانكارییه‌كانیش هه‌ر شتێكی له‌نزیك ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌وانمان ده‌داتێ نه‌ك شتێكی جیاواز. له‌م تێڕوانینه‌وه و له دونیابینی خۆم بۆ ناسینی هێز و ده‌سه‌ڵات و دیموكراسییه‌تی كوردی، هیچ كات هانی خه‌ڵكم نه‌داوه بۆ ئه‌م شێوازه له ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و وه‌رگرتنه‌وه‌ی ماف له‌م رێگه‌یه‌وه، یاخود هه‌وڵدان بۆ گۆڕانكاریی به‌و شێوه و شێوازانه‌ی وا بۆ 10 ساڵ ده‌چێت له كوردستان بره‌وی هه‌یه.
كه‌م نین ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌و مۆدێله هه‌یه و به ئومێدیشن له‌و رێگه‌یه‌وه گۆڕانكاری ریشه‌یی بێته ئاراوه، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای لێدوان و دیدار و بۆچوونی زۆرێك له‌و سیاسی و رۆشنبیر و په‌رله‌مانتارانه بكه‌ین كه له 10 ساڵی رابردوو چالاك بوون، ده‌ستوخه‌تی زۆربه‌یان ده‌ناسینه‌وه كه له پشتی هه‌ر جۆره هاندان و دروستكردنێكی خۆپێشاندان و ئاراسته‌كردنیدا بوون. كه‌م تا زۆریش به‌شێكیانمان بینی چۆن به‌سه‌ر شان و مل و خوێنی ئه‌و گه‌نجانه‌دا سه‌ركه‌وتن كه به‌هیوای دوارۆژێكی باشتره‌وه هێنابوونیانە سه‌ر شه‌قام و وه‌ك ئامراز به‌كاریان بردن بۆ گه‌یشتن به پۆست و پله و ده‌سه‌ڵات.
ئێستاش ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت سه‌رباری بوونی زه‌مینه‌یه‌كی واقیعی بۆ خۆپێشاندانی خۆڕسكانه، بۆ هاتنه سه‌رشه‌قامی چین و توێژه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له مووچەخۆران و گه‌نجانی بێكار، به‌هۆی ئه‌و ره‌وشه ئابوورییه‌وه كه حكومه‌ت مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی خۆی پێ‌نادرێت، به‌هۆی بێكاری و له‌هه‌مانكاتدا نادادی و بوونی گه‌نده‌ڵی و قاچاخچێتی به سه‌روه‌ت و سامانی سه‌رخان و ژێرخانی وڵاته‌وه، به‌ڵام هه‌ر به‌ده‌ر نییه له‌وه‌ی كه گرووپگه‌لێكیش بۆ ئامانجی سیاسی بیانه‌وێت سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵكبن، وه‌ك چۆن له ساڵانی رابردوو بینیمان. به‌تایبه‌تیش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه عێراق ده‌یه‌وێ‌ت هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ئه‌نجام بدات و كێشه و گیروگرفتی سیاسی زۆر له‌نێوان هێزه سیاسییه‌كان و كاره‌كته‌ره سیاسییه‌كاندا هه‌یه، بۆیه چاوه‌ڕوانكراوه سوود له‌و زه‌مینه‌یه‌ش وه‌ربگیرێت و هانی خه‌ڵك بدرێت بۆ هاتنه سه‌ر شه‌قام كه ئه‌مانه ئاسایین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر نائاساییه و مایه‌ی شه‌رم و پێویستی به‌هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنیشه ئه‌وه‌یه كه تا رۆژێك پێش ده‌ستپێكردنی ئه‌و خۆپێشاندانانه كه تاوەکو ئێستا نزیك 10 گه‌نجی هه‌ژاری تیابووه‌ته قوربانی و ده‌یانیان لێخراوه‌ته زیندانه‌وه.
چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی گیرفان پڕ له نوێنه‌رانی كوردستان له به‌غدا و له هه‌رێمی کوردستانیش، گیرفانی به‌تاڵی گه‌نجانیان ده‌قۆسته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بێنه سه‌رشه‌قام و هانی خه‌ڵكیان دەدا نه‌ك هه‌ر بۆ خۆپێشاندان به‌ڵكو بۆ راپه‌ڕین و به‌رپاكردنی شۆڕشیش دژی سته‌می حوكمڕانی خۆماڵی و داوای رووخانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته و راماڵینی حیزبه‌كانیان ده‌كرد، به‌ڵام كاتێك گه‌نجه‌كان هاتنه سه‌ر شه‌قام و سنگی خۆیان ده‌نێن به گولـله‌ی ئه‌و چه‌كداره دڵڕه‌قانه‌وه كه ئاماده‌ن بۆ پاراستنی شووشه‌ی بینایه‌ك له شكان، جه‌رگی دایكێك بسووتێنن، ئه‌و رۆشنبیر و په‌رله‌مانتار و سیاسییانه‌ی داوای هاتنه شه‌قامیان ده‌كرد، وه‌ك پیشه‌ی هه‌موو جاره‌كانیان خۆیان ونكرد.
ئه‌و گرووپه‌ی له به‌غداوه هانی منداڵی ره‌شوڕوتیان دەدا بۆ به‌رپاكردنی شۆڕش له هه‌ولێر و سلێمانی به‌وه ئیكتیفایان كرد كه به‌یاننامه‌یه‌ك بۆ پشتگیری‌یان بخوێننه‌وه و گرووپێكیش له په‌رله‌مانی كوردستان خۆیان خزاندووەته ناو بینای په‌رله‌مانه‌وه و مانیان گرتووه وه‌ك ئه‌وه‌ی كه خۆیان نه‌زانن په‌رله‌مانه‌كه‌یان چه‌ند بێ رۆڵ و بێ كاریگه‌رییه. گه‌نجه‌كانیان له‌سه‌ر شه‌قام به‌ته‌نیا جێهێشتووه له‌به‌رده‌م قامچی و گولـله‌ی پاسه‌وانی به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه.
ئه‌مانه له‌لای خودا و لە لای ویژدانی خه‌ڵكی خاوه‌ن ویژدان پێویسته له‌به‌رده‌م یاساشدا به ئه‌ندازه‌ی ئه‌و تفه‌نگچییه‌ی فیشه‌ك ده‌نێت به گه‌نجه‌كانه‌وه به‌رپرسیار بكرێن له‌به‌ر دوو هۆكاری زۆر ساده و روون. یه‌كه‌میان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێوه داوای كارێكتان له‌و گه‌نجانه كردووه كه هاتوون و به‌قسه‌تانیان كرد، پشتتان تێكردوون. دووه‌میشیان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێوه حه‌سانه‌ی په‌رله‌مانتان هه‌یه هه‌مووتان ناسراون و له زۆر ئاستدا رێزتان لێده‌گیرێت و خه‌ڵك و کۆنسوڵگه‌ریی و باڵیۆزخانەکانیش له‌سه‌ر ئێوه به‌جواب دێن، ئه‌گه‌ر ئێوه له پێشی گه‌نجه‌كانه‌وه بن و ببن به قه‌ڵغانی سینگی ئه‌وان، كه‌س جورئه‌تی ئه‌وه ناكات فیشه‌كتان ئاراسته بكات و به‌و هۆیه‌شه‌وه جه‌رگی دایكی ئه‌و لاوه خێر له‌خۆ نه‌دیوانه هه‌ڵناقرچێت. ره‌نگه به بوونی ئێوه له ریزی یه‌كه‌می خۆپێشاندانه‌كان، ئاراسته‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه‌تریش بگیرایه‌ته‌به‌ر و هیچ تووندوتیژییه‌ك روونه‌دات.
ئه‌م ئاوه‌ی رشتووتانه هێشتا سه‌ره‌تایه‌تی، تكایه بڕۆن و له‌ناو شه‌قامه‌كان خۆتان بكه‌نه‌وه به خاوه‌نی، نه‌ك سبه‌ی دوای رژانی خوێنی سه‌تان كه‌س بچنه سه‌ر شاشه‌كان و سه‌ودا به‌خوێنی ئه‌وانه‌وه بكه‌ن، دڵنیابن ده‌سه‌ڵاتی كوردی پارتی و یه‌كێتیی به‌و جۆره ناڕۆن كه ئێوه بۆ كه‌سانێكی بێئه‌زموون به‌هارتان بۆیان هێناوه‌ته ئه‌ژنۆ، ئه‌مان موباره‌ك و بن عه‌لی نین به چه‌پڵه بڕۆن، دوور نییه هاوشێوه‌ی سووریا و لیبیا و یه‌مه‌ن ئه‌مه نه‌بێته ده‌ستپێكی به‌ریه‌ككه‌وتنێكی خوێناوی ناو هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی. ئه‌وه‌ی له دوو سێ ساڵه‌ی رابردوو به پلان و به‌رنامه‌ی هه‌ندێ كاره‌كته‌ری سیاسی و ده‌ستله‌پشتدانی به‌ریتانیا كارده‌كرێت بۆ زیاتر زیندووكردنه‌وه‌ی خێڵگه‌ریی، به‌تایبه‌تیش له‌ناوچه‌كانی بادینان، دوور نییه ئامانجه‌كه‌ی بۆ به‌ریه‌ككه‌وتنی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، گه‌ر ئه‌وه‌ش بوو زۆر ده‌خایێنێت.
ئه‌و گه‌نجه تازه پێگه‌یشتووه هه‌ژارانه كه هه‌موو رابردوو ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و چاویان له‌وه‌یه ئایینده بۆ ئه‌وان بێت، مه‌یانكه‌نه سوتماكی موزایه‌ده‌ی سیاسی، ئه‌وانه به‌راستی وزە و كه‌ره‌سته‌ی گۆڕانكارین، فه‌رموون ئه‌وانه‌ی به خه‌یاڵی به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه مه‌ستن بۆ كۆتاییهێنان به ده‌سه‌ڵات و حوكمی 30 ساڵه‌ی دوو حیزب له كوردستان. خۆتان بچنه مه‌یدان و ئاراسته‌یه‌كی مه‌ده‌نییانه بگرنه‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی خۆپێشاندان و هه‌وڵی شه‌قام بۆ گۆڕانكاری به ده‌ردی سووریا و یه‌مه‌ن نه‌چێت و ئاراسته‌یه‌كی دروست وه‌رگرێت كه ئاو بكاته ئاشی دیموكراسیدا و خزمه‌ت به پرۆسه‌یه‌كی دیموكراسییانه‌ی گۆڕانكاریی بكات، ئێوه پێشڕه‌وی بن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ك ئێستا بكه‌ن كه كردووتانه، دڵنیابن خوێنی زیاتر ده‌ڕژێت و باسكی ده‌سه‌ڵاتیش به‌هێزتر ده‌بێت.