ڕۆژنامەکوردستانی

حەسەن كەعبی دواین زانیاری لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجە ئاشكرادەكات

شكۆی كوردستان-

جێگری یەکەمی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند، شاندی دانوستانكارى هەرێمی کوردستان ده‌ستپێشخه‌ری باشی پێشكه‌شی حكومه‌تی فیدراڵی كردوه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا.

حه‌سه‌ن كه‌عبی، جێگری یەکەمی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق  لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “هاتن و چونی شانده‌كان له‌ نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه‌، شانده‌كه‌ ده‌رفه‌ت و ده‌ستپێشخه‌ری باشی پێشكه‌شی حكومه‌تی فیدراڵی كردوه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا، له‌وانه‌ش دۆسیه‌ی نه‌وت و داهاته‌ نا نه‌وتییه‌كان”.

 كاروباره‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی راست و دروست به‌ڕێوه‌ده‌چن بەڵام ناكۆكی له‌ روی ته‌كنیكی و ژماره‌وه‌ هه‌یه

ئاماژەی بەوەشکرد،  پێیوایە تا ئێستا كاروباره‌كان به‌ “شێوه‌یه‌كی راست و دروست به‌ڕێوه‌ده‌چن”، بەڵام ناكۆكی له‌ روی ته‌كنیكی و ژماره‌وه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ ژماره‌ی موچه‌خۆران له‌ هه‌رێمی كوردستان و دیوانی چاودێری فیدراڵی.

حه‌سه‌ن كه‌عبی باسی لەوەشکرد، بودجه‌ی ساڵی 2021 بۆ ته‌نیا پێكهاته‌یه‌ك و ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو نییه‌، ئه‌مه‌ش ته‌واوی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان له‌سه‌ری رێككه‌وتون، كه‌ بودجه‌كه‌ په‌یوه‌ست بێت به‌ گه‌لی عێراق له‌ زاخۆوه‌ تاوه‌كو به‌سره‌.

لە ماوەی چوار رۆژی رابردودا شاندی دانوستانکاری هەرێم بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێم و دۆسیەی نەوت لەبەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆبوەوە

ماوەی چوار رۆژە شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بەمەبەستی یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێم و دۆسیەی نەوت لەبەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆبوەوە، کۆبونەوەكان بەئامانجی دروستکردنی کۆدەنگی و پشتیوانییە بۆ جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمشەو لە لێدوانێکدا بە خەندان-ی راگەیاند، “لایەنەکانی پێکهاتەی شیعە دواین پێشنیازیان ئەوەبو داوایانکرد بەرامبەر رەوانەکردنی پشکەکەی، پێویستە حکومەتی هەرێم تەواوی دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا بکات و ئەو پێشنیازە لەلایەن حکومەت و فراکسیۆنە کوردستانییەکان رەتکراوەتەوە”.

لە ئێستادا لایەنە سیاسیەکانی عێراق پەیوەست بەپشکی هەرێم بەسەر سێ بۆچوندا دابەشبون، بەشێکیان داوای 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەشێکی دیکەیان داوای کۆی مەلەفی نەوتی هەرێم دەکەن و بەشەکەی دیکەشیان پێیانوایە پێویستە هەرێم کۆی نەوتی بەرهەمهێنراو رادەستبکات.

پەیوەست بەوادەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەش شیروان میرزا وتی، لەئێستادا کۆبونەوەکانی لیژنەی دارایی بەردەوامن و رۆژانە بڕگەی نوێ بۆ پڕۆژەکە زیاد دەکرێت و وەک نوێنەرانی کوردیش هەوڵیانداوە بودجەیەکی زیاتر بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کەرکوک و  ناوچە کێشەلەسەرەکان تەرخان بکەن.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close