نێودەوڵەتیڕۆژنامە

پاپای ڤاتیكان گەیشتە عێراق…وردەكاری سەردانەكە بخوێنەرەوە

شكۆی كوردستان-

ئەمڕۆ پاپا فرانسیس بۆ یەکەمجار سەردانی عێراقی کرد و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە پێشوازییان لێکرد، سەردانی کەسایەتییەکی دیاری جیهانی وەکو رووداوێکی گرنگ سەیر دەکرێت، لەو نێوەندەشدا ئامادەکاری و رێکخستنی جۆراوجۆر لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پێشوازی لە پاپا فرانسیس کراوە. 

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە کاتی پێشوازیکردن لە پاپای ڤاتیکان تابلۆیەکی وەرگرت کە لە ڤاتیکان دروستکراوە، تابلۆکە وەکو لۆگۆیەک بۆ سەردانەکەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق دروستکراوە. لەسەر تابلۆکە سێ وێنە کێشراوە کە پێکهاتوون لە: پێغەمبەر ئیبراهیم ئەو کاتەی ئووری بەجێهێشت، نەخشەی عێراق و وێنەی دارخورمایەک. هەریەک لەو وێنانە ئاماژە و مەبەستێکیان هەیە. پێغەمبەر ئیبراهیم بە باوکی ئایینە ئاسمانییەکان (جوو، کریستیان و ئیسلام) دادەنرێت و لەلایەن کریستیان و موسڵمانەکانیش پێگەیەکی بەرزی هەیە، دانانی وێنەی ئەو پێغەمبەرە واتای یەکگرتن و پێکەوەژیانی ئایینەکانە. پێغەمبەر ئیبراهیم لە شاری ئوور، کە دەکەوێتە باشووری عێراق لەدایکبووە و بڕیارە پاپا فرانسیس سەردانی شوێنەواری ئەو شارە مێژووییە بکات. پاپا فرانسیس بەراورد بە پاپاکانی پێش خۆی پەیوەندیی لەگەڵ ئایینەکانی دیکە و بەتایبەت ئیسلامیش باشترە و پێشوازی لە دیالۆگی نێوان ئایینەکان دەکات، هەمیشە خۆی بە هاوڕێ و برای کۆمەڵگە ئیسلامییەکان نیشان داوە و رێزگرتن لە پیرۆزییەکانی ئایینەکانی دیکە بە پێویستیەکی گرینگ دەزانێ لە پێناو برەوپێدانی ئاشتی و مەعنەوییەت لە جیهاندا.  یەکێکی دیکە لە وێنەکان نەخشەی عێراقە ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بە یەکەم سەردانی پاپا فرانسیس بۆ ئەو وڵاتە، هەروەها دارخورمایەک کە لە شوێنەواری شاری ئوور رواوە، ئەوەش وەکو دیسانەوە ئاماژەدان بە شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم. 

شوێنەواری شاری ئوور، شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم. وێنە: AFP

لە خوارەوەی لۆگۆکە بە پیت و ژمارەی رۆمانی رێککەوتی سەردانیکردنی پاپا فرانسیس بۆ عێراق نووسراوە کە لە 5ـی ئادارەوە بۆ 8ـی ئاداری 2021 دەخایێنێت. پاپا فرانسیس دەبێتە یەکەم پاپا کە سەردانی عێراق بکات، ئەو دەڵێت پێشتر عێراقییەکان چاوەڕێی پاپا جۆن پۆلی دووەم بوون، بەڵام ئەو کاتە وەها سەردانێک رێگەپێدراو نەبووە، بەڵام ئەو ئێستا دەیەوێت پەیامی برایەتی و ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ سەرجەم پێکهاتە ئیتنی و ئاینییەکانی عێراق بهێنێت. رۆژی شەممە بەرەو پارێزگای نەجەف بەڕێدەكەوێت و لەوێ چاوی بە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق دەکەوێت، پاپا فرانسیس لەو بارەوە دەڵێت: “لە زەویی ئیبراهیمدا، پێکەوە لەگەڵ رێبەرانی دیکەی ئایینی بەرەو ئامانجی هاوبەش هەنگاو دەنێین”. پاشان بەرەو شاری ئور بەڕێدەكەوێت. رۆژی یەكشەممەش، بەرەو هەولێر بەڕێدەكەوێت و لە فڕۆكەخانە لەلایەن بەرپرسانی حكومی و ئایینی پێشوازی لێدەكرێت، هەر ئەو رۆژە دەچێتە موسڵ و نوێژ بۆ قوربانیانی شەڕ دەكات. دوای ئەوە دەچێتە كەنیسەی “تاهیرە”ی گەورە لە قەرەقوش. هەر یەكشەممە دەگەڕێتەوە هەولێر و ئاهەنگی عەسری یەكشەممەی كریستیان لە یاریگەی فرانسۆ هەریری دەگێڕێت. رۆژی دووشەممە دەگەڕێتەوە فڕۆكەخانەی بەغدا و لەوێ رێوڕەسمی ماڵئاوایی كردنی بەڕێوەدەچێت. پێش سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ عێراق، زۆربەی ئەو شار و ناوچانەی كە بڕیارە پاپای ڤاتیكان سەردانیان بكات رازێندراونەتەوە و لەڕووی ئەمنییەوە رێکاری تایبەت گیراونەتەبەر. شەقام و كەنیسەكان شۆردراون، ئاڵای ڤاتیكان بە ستوون و دیوارەكانەوە هەڵواسراوە.  

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close