ڕۆژنامەکوردستانی

چۆن منداڵان بپارێزین لە دەستدرێژیی سێکسی لە کۆمەڵگەدا؟

 دکتۆرە دیلمان ئازاد حەسەن

دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵ گرفتێکی دیاری کۆمەڵگەی ئێمەیە و ئێمە وەکو پزیشکانی دادوەری لە کوردستان زۆر بە ڕوونی تێبینی حاڵەتەکان و زیادبوونی ژمارەیان دەکەین، ئەوە لە کاتێکدایە بەشی زۆری حاڵەتەکان ناگەنە لای ئێمە  چونکە دەشاردرێنەوە یان گرنگیان پێنادریت، بەهۆی ناهۆشیاریی تاک و خێزان و کۆمەڵگەوە.

ناکرێت ئیدی ئەم گرفتە گەورەیە بەهۆی شەرمێکی ناهۆشیارانەوە بشاردرێتەوە و لە بری چارەسەرکردن، پەردەپۆشبکرێ و فەرامۆش بکرێت.

بۆ بنەبڕکردنی گرفتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵ، یان هیچ نەبێ کەمکردنەوەی، دەبێت کۆمەڵگە هۆشیار بکەینەوە و مەبەستی ئێمەش لەم زنجیرە نووسینانە ئەوەیە.

بەڵام گرنگترین هەنگاو ئەوەیە، لە سیستمی پەروەردە و فێرکردنەوە دەستپێبکەین و بۆ ئەمەش نموونەی سیستمی پەروەردەی بریتانیاتان بە کورتی پێدەڵێم بۆ ئەم بابەتە، کە لە ڕاوێژکارێکی پەروەردە لەو وڵاتەوە وەرمگرتووە و بۆی باسکردووم.

ئەو وتی: ئێمە خولێکمان هەیە بەناوی منداڵپارێزی بۆ ماوەی شەش مانگ کە ئەو خولە بۆ کارمەند و مامۆستای قوتابخانەکان ناچاریى و زۆرەملێیە، ئەگەر نا ناتوانن لە قوتابخانە کار بکەن .

وەکو ئەو باسیکرد لەو خولە فێرت دەکەن کە چۆن ئاگاداری منداڵ بیت و ڕۆژانە تەماشایان بکەین ئایا هیچ شتێکی نامۆ دەبینین لە مامەڵە و هەڵسوکەوتی منداڵەکە یان جێگای زەبر و برینێک دەبینین لەسەر جەستەی منداڵەکە؟

 ئەگەر هەر شتێکی وا بینرا خێرا منداڵەکە دەدرێتە لێژنەی چارەسەرکردن و بەزووترین کات چارەسەر وەردەگرێت و بەدوای تاوانبار دەگەڕێین و هەر کەسێک تاوانی دەستدرێژی کردبێت بۆ سەر منداڵ، تا هاتایە لە هیچ دام و دەزگایەکدا کارکردنی فەرمی وەرناگرێت لەو وڵاتە.

ئەگەر تەماشای ئەو دەوڵەتانە بکەن چۆن منداڵ دەپارێزن، چونکە دەزانن کە منداڵ کۆمەڵگه‌ پێکدێنێ و منداڵی ناتەندروست و دەروون ڕووخاو کۆمەڵگایەکی شکستخواردوو پێکدێنێت.

خێزان یان قوتابخانە؟

زۆر گرنگە لە سیستمی پەروەردەوە گرنگی بدرێت بە بابەتی هۆشیاریی سێکسی و ڕیگرێکردن لە دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر منداڵ و ئەوەی کە منداڵ چۆن پارێزگاری لەخۆی دەکات لە حاڵەتی گوماناوی و مەترسیداردا.

بەلای منەوە خێزان زۆر گرنگە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام گرنگیی قوتابخانەش لە خێزان کەمتر نییە، چونکە لەوانەیە ئەو منداڵە دایک و باوکی نەبێت یان دایک و باوکی لە بنەڕەتەوە ئەو هۆشیارییانەیان نەبێت و جگە لەوەش منداڵ کاتێکی زۆری لە قوتابخانە بەسەردەبات.

لە ئەزموونی خۆمەوە زۆر بینیومە دەستدرێژیی سێکسی بۆ چەند ساڵ بەردەوام بووە بۆ سەر منداڵ، کەچی نە منداڵ زانیویەتی ئاشکرای بکات، نە قوتابخانە دەرکیان پێکردووە، نە دایک و باوک زانیویانە مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکە بکەن، هەمووشی دەگەرێنمەوە بۆ نەبوونی هۆشیاری.

لیرەوە دووبارە دەکەمەوە کە دانانی پلانێکی تایبەت بۆ بابەتی پارێزگارێکردنی منداڵ بۆ ئیستای کۆمەڵگەی ئێمە زۆر پێویستە.

پسپۆڕی پزیشکیی دادوەری

بینینی زیاتر
Back to top button
Close