ئا/ شكۆى كوردستان
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی ئێکسپرێسی بریتانی، مارک بیرلروس پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، هەندێک نیشانەی ناڕونی باسکردوە کە ئاماژەیەکی پێشوەختەیە بۆ ئەگەری ڕودانی جەڵتەی دڵ.
بەوتەی ئەو پزیشکە بریتانییە، هەندێکجار دەرکەوتنی چەند حاڵەتێکی تەندروستیی سادەی وەک بەدهەرسی، ئاماژەیە بۆ ڕودانی جەڵتەی دڵ، بەگشتیش بەدهەرسییەکە قرپەکردن و دڵتێکەڵهاتن و بونی تامێکی تیژی لەدەمدا لەگەڵ دەبێت.
هەروەک بەگوێرەی تۆڕی پزیشکیی تایبەتمەند Medicine Net دڵتێکەڵهاتن و هەستکردن بەناتەوایی گەدە کەمتر باوە، بەڵام یەکێکە لە گریمانەکانی نزیکبوونەوەی نۆرەدڵێ، لەهەندێک حاڵەتیشدا دەکرێت قرپەکردن و دڵتێکەڵهاتن بەیەکەوە بن، هەندێک لە نەخۆشەکانیش باسیان لە حاڵەتی وەک بەدهەرسی پەیوەست بەنۆرەدڵێ کردوە.
لێکۆڵینەوەیەکیش کە لە گۆڤاری پزیشکیی زانکۆی سوڵتان قابوسدا لە عهممان بڵاوکراوەتەوە، قرپەکردن ڕەنگە یەکێک بێت لەنیشانەکانی نۆرەدڵێ.
نیشانەکانی نۆرەدڵێ لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، بەڵام ئەو فاکتەرانەی ئەگەری تووشکردن بەحاڵەتەکە زیاددەکەن، بریتین لەبەرزەپەستانی خوێن، جگەرەکێشان، شەکرە، قەڵەویی، سیستەمی خۆراکیی ناتەندروستو زیادەڕەویکردن لەخواردنەوەی ماددە کحوولییەکان، ئەوە جگە لەبوونی مێژووی نەخۆشییەکە لەناو خێزانەکەدا.