ڕۆژنامەکوردستانی

سینەماکارێکی کورد بە باشترین ئەکتەر دەستنیشانده‌كرێت

ئا/ شكۆى كوردستان

ئەکتەری دیاری سینەمای کوردی (عادل عەبدولرەحمان) بە ڕۆڵگێرانی پیاوێکی هەژاری بەتەمەن لە فیلمی (بارێ گران) لە دوو فیلمە فێستیڤالی جیهانیدا بە باشترین ئەکتەر دیاریکرا.

فیلمی (بارێ گران) لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد (د.یەڵماز ئۆزدێل)ـە و لە شاری ماردینی باکووری کوردستان فیلمەکە تۆمارکراوە؛ چیڕۆکی فیلمەکەش باس لە زەحمەتی و دەردەسەری ژیانی پیاوێکی هەژاری بەتەمەنی کورد لە ماردین دەکات، ڕۆژانە بە گوێدرێژەکەیەوە، کوچە و کۆڵانی شارەکە پاکدەکاتەوە.

بەهۆی جوان ڕۆڵ گێڕانەکەی لە فیلمەکەدا، عادل توانی سەرنجی لێژنەکانی دوو لە فیلمە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ خۆی ڕابکێشێت و لە هەردوو فێستیڤاڵی (پرایماڤێرا) لە هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانا و (سینەماتۆگرافی دی میریرا)ی مەکسیکی، بە باشترین ئەکتەر دەستنیشانکرا.

سینەماکار (عادل عەبدولرەحمان) خەڵکی دهۆکە و تا ئێستادا بەشداریی لە هەشت فیلمی نێودەوڵەتی کردووە و وەک خۆبەخش لە فیلمی (بارێ گران) ڕۆڵی گێڕاوە و توانیویەتی ئەو دوو دەستکەوتە بۆ خۆی و سینەمای کوردی بە دەست بێنێت.

عادل ماوەی 29 ساڵە کاری سینەمایی دەکات و لە ژیانی ھونەریدا خاوەنی چەندین خەڵاتە و لە ئێستاشدا خەریکی بەشداریکردنە لە فیلمی (بیکا بارانێ) کە لە دەرهێنانی دەرهێنەری ناسراوی کورد (حسێن حەسەن)ـە.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close