نێودەوڵەتی

دادگایه‌كی ئه‌ڵمانی به‌تاوانی جه‌نگ دژی ئێزیدییه‌كان سزا به‌سه‌ر كه‌سێكدا ده‌سه‌پێنێت

شكۆی كوردستان-

دادگایەکی شاری میونخ لە ئەڵمانیا، بڕیاری سزادانی 10 ساڵ زیندانیکردنی سەپاندووە بەسەر ژنێکی ئەڵمانیاییدا لەسەر ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.

ئەو ژنە ئەڵمانیاییە کە ئەندامی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی بووە کچێکی تەمەن 5 ساڵی بە کۆیلەکراوی ئێزیدی، لەبەردەم خۆردا جێهێشتووە تا لە تینوێتیدا گیانی لەدەستداوە.

دادوەر ڕینهۆڵد بایەر، سەرۆکی دادگای باڵای هەرێمیی لەو شارەی باشوری ئەڵمانیادا، بڕیاری سزادانی “جێنەفەر وینیش”ی تەمەن 30 ساڵی داوە و ئەمەش یەکێکە لە یەکەمین دۆسێکانی گوناهبارکردن لە جیهاندا لەسەر ئەو تاوانانەی پەیوەندییان هەیە بە سەرکوتکردنەکانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە بەرامبەر کۆمەڵگەی ئێزدییەکان.

جێنەفەر وینیش گوناهبار کراوە بە 2 تاوانی دژە مرۆڤایەتی، یەکەمیان بە کۆیلە کردنە و دووهەمیشیان یارمەتیدان و هاندان بۆ کوشتن کە هیچ یارمەتییەکی ئەو کچە ئێزدیەی نەدابوو.

دادگا گەیشتە ئەو بەرەنجامەی، جێنەفەر و هاوسەرە داعشەکەی لەساڵی 2015دا کاتێک لە شاری موسڵ بوون و ئەو شارەش لەژێر دەستی داعشدا بوو.، ژن و منداڵێکی ئێزدییان کڕیبوو وەک کۆیلەی ناو ماڵ.

دادپارێزان هاوکاتی دادگاییکردنەکە ئاماژەیان بەوە کردووە “کاتێک منداڵەکە نەخۆش دەکەوێت و بەهۆی میز بەخۆدا کردن، دۆشەکەکەی تەڕ دەبێت، هاوسەری جێنەفەر بۆ سزادانی منداڵەکە، لە دەرەوەی ماڵەکەدا بە زنجیر دەیبەستێتەوە و ئەو کچە ئێزدییە تەمەن 5 ساڵەش بەهۆی گەرمای زۆری ئەو کاتە و لە تینوێتیدا گیان دەسپێرێت و گوناهبارکراو ڕێگەی داوە تا مێردەکەی ئەو کارە بکات و هیچ شتێکی نەکردووە بۆ ڕزگار کردنی ئەو کچە منداڵە.”

تەها ئەلجومەیلی، هاوسەری جێنەفەر، لە فرانکفۆرت ڕووبەڕووی دادگایی کردن دەبێتەوە لەسەر تاوانی تر و وەهاش چاوەڕوان دەکرێت لە درەنگانێکی مانگی 11دا دادگا بڕیاری خۆی بدات.

دایکی ئەو کچە منداڵە، کە بە ناوی “نورا”وە ناسێندراوە چەند جارێک گەواهی خۆی داوە لە دادگاکانی میونخ و فرانکفۆرت لەسەر ئەو ئازارەی منداڵەکەی بینیویەتی.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close