ڕۆژنامە

فشارەکانی حکومەتی عێراق بۆ سەر کێڵگە نەوتیەکانی هەرێم چڕتر دەبنەوە

شكۆی كوردستان-

هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان چڕتر دەبێتەوە، وەک باسدەکرێت ڕەنگە بە زەبری هێز دەست بەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆردا بگرێت، کە پێشتر سێ جار بووەتە ئامانجی هێرشە موشەکیەکان.

پێشتر چەند جارێک سوپای عێراق و چەکدارانی حەشدی شەعبی هاوڵیان داوە هێز ببەنە کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر لە ناوچەی قادر کەرەمی سەر بە پارێزگای سلێمانی، بەڵام سەرجەم هەوڵەکانیان لەلایەن پێشمەرگەوە ڕێگری لێکراوە، ئێستاش هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق دەیەوێت تا 15 ی ئەم مانگە کێڵگەکە بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

عوسمان سێدەری جێگری سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر عێراق هەوڵ بدات بە زەبری هێز کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات ئەوا وەڵامیان دەدەنەوە و بەرگری دەکەن.

“ئەوەی ئێمە بەدواداچونمان کردووە و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی عێراقی قسەیان کردووە، ئەم جموجۆڵانە تەنیا وەک فشارێک بووە، نەک کردەیی، ئێمەش ئومێدەوارین بەس فشار بێت، نەک هێرش بێت بۆ سەر ئەو ناوچانە، ئەگەر ئەو جموجۆڵە ببێت بە کرداری و یاخود هەنگاوەکان بەرەو پێش بێن یان هێزی سەربازی زیاتر بەرەو پێشەوە بێنن وەک ئەوەی دوێنێ بینیمان بازگەیەک دانراوە لە ناوچەی قادر کەرەم، کە ئەو بازگەیە پێمان وایە زیادەڕۆییە حکومەتی عێراق کردوویەتی. بۆیە ئومێدەوارین ڕوونەدات، وە هەرێمی کوردستان هەڵوێستی خۆیی دەبێت ئێمە نامانەوێت، خوێن بڕژێت وە کاردەکەین، پێکەوە بژین و لەگەڵ عێراقدا لەسەر مێزی گفتوگۆ، دابنیشین چارەسەری کێشەکانمان بکەین، بە لێک تێگەشتن.”

فشارەکانی عێراق بۆ سەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت کە پێشتر دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دابو بە نا یاساییبوونی پرۆسەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی بە نادەستوری لە قەڵەم دابوو.

“سامانی سروشتی موڵکی هەموو خەڵکی عێراقە، بەڵام لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستاندا ئەوە مافێکی ڕەوای هەرێمی کوردستانە ئێمە لاریمان نییە لەو سەروەت و سامانە بە تایبەت سەروەتی سروشتی کە لە عێراقدا سەرچاوەی گرنگە. ئێمە لەگەڵ ئەوەین بە لێک تێگەشتن و دانیشتن، وەک پەرلەمان و لیژنەی پێشمەرگە، داوا دەکەین جەلسەی تایبەت بەم باسە ئەنجام بدات وە لە ئێستاشدا قسە لەسەر ئەو بابەتە کراوە لە پەرلەماندا، بۆ نمونە پەرلەمان داوای ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کردووە وەک لێژنەی پپێشمەرگە و لیژنەی ناوخۆ و کێشە لەسەرەکان و چەند لیژنەیەکی تر، کە یاداشتی هاوبەش ئامادە بکەین و هۆکاری جموجۆڵەکان و ئامانجی هێرشەکان ئیشارەتی پێ بدەین وە پەنجە بخەینە سەر کەموکورتییەکان.”

پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕووی یاساییەوە، فشاری خستە سەر ئەو کۆمپانیایانەی کە لە کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن، بۆ ئەوەی کارەکانیان ڕابگرن ئێستاش وەک باسدەکرێت بژاردەی سەربازی یەکێکی دیکەیە لەو ڕێگایانەی کە عێراق دەیەوێت لە ڕێگەیەوە بە ئامانجەکەی بگات و دەست بەسەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا بگرێت.

بینینی زیاتر
Back to top button
Close