شكۆی كوردستان-
لایه‌نگرانی موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان دژ به كاندیدكردنی محه‌مه‌د شیاع سودانی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به‌رده‌وامن و چونه ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه، سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانیشه‌وه چوارده‌وری ناوچه‌ی سه‌وز گه‌مارۆدراوه و رێگری له خۆپیشانده‌ران كرا، به‌ڵام دواتر به‌شێك له‌خۆپیشانده‌ران خۆیان گه‌یانده ناو ناوچه‌ی سه‌وز و له‌وێشه‌وه چونه ناو هۆڵی په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ش كاردانه‌وه‌ی لایه‌نه عێراپییه‌كانی لێكه‌وته‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، خۆپیشانده‌ران له‌ناوچه‌ی ته‌حریری به‌غداوه به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز به‌ڕێكه‌وتون و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیان برده ناوچه‌ی سه‌وز، له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانیشه‌وه پشتێنه‌یه‌كی ئه‌منی دروستكراوه و رێگری له خۆپیشانده‌ران ده‌كرێت بچنه ناو ناوچه‌ی سه‌وزه‌وه.
خۆپیشانده‌ران سورن له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، خۆپیشانده‌ران سورن له‌سه‌ر ره‌تكردنه‌وه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیه‌وه و داواده‌كه‌ن، سودانی له كاندیدكردن بكشێته‌وه.
25ی ئه‌م مانگه دوای ململانێیه‌كی زۆر و تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی 10 مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دواجار لایه‌نه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه زۆرینه‌ی شیعه‌كان پێكده‌هێنن، محه‌مه‌د شیاع سودانیان بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كاندید كرد.