نێودەوڵەتی

خۆپیشانده‌رانی سریلانكا به‌مه‌رج له‌كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كشێنه‌وه‌

شكۆی كوردستان-

سەرکردەی خۆپیشاندەرانی سریلانکا رایگەیاند، خۆپیشاندەران کۆشکی سەرۆکایەتی وڵاتەکە جێناهێڵن تا ئەو کاتەی سەرۆک و سەرۆک وەزیران دەستلەکاردەکێشنەوە، دەشڵێت،” واز لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانمان ناهێنین تا داواکارییەکانمان جێبەجێدەکرێت.

 خۆپیشاندەران تائێستا لە کۆشکی سەرۆکایەتی و شوێنی مانەوەی سەرۆک وەزیران ماونەتەوە

سەرکردەی بزوتنەوەی ناڕەزایەتییەکان لە سریلانکا ئەمڕۆ یەکشەممە، رایگەیاندوە،”  خۆپیشاندەران تائێستا لە کۆشکی سەرۆکایەتی و شوێنی مانەوەی سەرۆک وەزیران ماونەتەوە، ئەوێش جێناهێڵن، تا دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک و سەرۆک وەزیران جێبەجێدەکرێت”.

ئێمە لە هەڵوێستەکانمان پاشگەز نابینەوە

ئاماژەی بەوەشکردوە،” ئێمە لە هەڵوێستەکانمان پاشگەز نابینەوە  و سور دەبین لەسەر ناڕەزایەتییەکانمان، ویستی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک و سەرۆک وەزیران بەس نییە”.

 لە شەقامەکانی کۆلۆمبۆی پایتەختی بازرگانی سریلانکا دۆخەکە تا رادەیەک هێوربونەوەی بەخۆیەوە بینیوە

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە شەقامەکانی کۆلۆمبۆی پایتەختی بازرگانی سریلانکا دۆخەکە تا رادەیەک هێوربونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش پاش ئەوەی گۆتابا راجاپاکسای سەرۆکی وڵاتەکە رەزامەندی بە دەستلەکارکێشانەوەی دەربڕی.

ماوەی نزیکەی مانگێکە، هاوڵاتیانی سریلانکا دەستیان بە خۆپیشاندان  و ناڕەزایەتی کردوە بەهۆی دۆخی خراپی ژیان لەو وڵاتەدا، دوێنێ شەممە، ناڕەزایەتییەکان گەیشتنە لوتکە و خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی سەرۆکایەتی و شوێنی مانەوەی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە و تەنانەت لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە نەتوانرا رێگریان لێبکرێت.

تائێستا بەشێک لە خۆپیشاندەران لەو شوێنانە ماونەتەوە  و کاتەکانیان بە مەلەکردن و یاری بەسەردەبەن.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close