هەمەڕەنگکوردستانی

بەختیار عەلی: دەسەڵات نەیویستووە بەهەشت دروستبکات، ویستوێتی دۆزەخ دروستبکات و لەوەشدا سەرکەوتوو

شکوی کوردستان-

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی هاوڵاتی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەختیار عەلی دا بڵاوکردۆتەوە. چاوپێکەوتنەکە لە سازدانی کاک سیروان حمە ڕەشید.
لێرەدا ڕۆژانە وەڵامی یەکێک لە پرسیارەکان بڵاودەکەینەوە.

پ١- لە پاش ئەوەی کورد وەکو نەتەوە لەناو دەوڵەت-نەتەوەکانی خورهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگر نەکرا بەردەوام هەوڵی بەدەستهێنانی لانیکەمی سەربەخۆی داوە و هەر کاتێکیش بۆی هەڵکەوتبێت وەک کۆماری مهاباد ئەوا بەهۆی هێزی دەرەکییەوە روخاوە و کۆتایی پێهاتووە؛ لەو ئەزموونانەی رابردووەوە ناتوانین دەرەنجامگیری ئەوە بکەین کورد دەتوانێت خۆی بەڕێوە ببات ، بەڵام لە ئێستادا لە باشوری کوردستان ماوەی سێ دەیە کورد خۆی حوکمڕانی خۆی دەکات؛ لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە ڕوونە کە ئەم ئەزموونە بەگوێرەی ڕای رۆشنبیران و پسپۆڕان لە هەموو ڕوویەکەوە شکستی خواردوە، بەبڕوای ئێوە ئەم شکستە وەک ئەوە دەگوترێت پەیوەندی بە ”نەخوێندەواری و مەعریفەی نوخبەی سیاسی باشوور” هەیە یان پەیوەندە بەهۆکارگەلی ترەوە ؟

وەڵام: لە ڕاستیدا نەخوێندەواری و جەهل لە کۆی کارەساتەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن، بەڵام دەبێت تەواو ورد و وریابین و چەند خاڵێک ڕەچاوبکەین. یەکەم : ئایا کاتێک باس لە جەهل دەکەین،باس لە کێ دەکەین، باس لە جەهلی دەستەیەک لە سیاسی و سەرکردە، یاخود جەهلی کۆی سیستمەکە، یان جەهلی کۆمەڵگا بە گشتی؟ ڕاستی ئەمانە هەموویان پێکەوە کاریگەرییەکی زۆریان هەیە، جەهل بە جۆرێکی فراوان لە هەر سێ ئاستەکەدا دەبینرێت. بەڵام نالەباریی دۆخی سیاسیمان بە تەنیا ناگەڕێتەوە بۆ ئەو فاکتەرە. سیاسەت بە گشتی لە زۆر سەردەم و لە هەموو دونیادا سیاسەتمەدارانی زۆر نەفام و جاهیلی بەرهەمهێناوە، ئەم دیاردەیە بە زەقی لە ئەوروپا و ئەمریکا و زۆر جێگای دونیاش دەبینرێت. سیاسەت بە درێژایی مێژوو بوارێک بووە، گەمژەکان و جاهیلەکان توانیویانە خێرا لە نێویدا جێگای خۆیان بکەنەوە. لە مێژوودا سەدان نمونەمان هەیە، ستالین تەنیا یەکێکە لە نمونە زۆر زەقەکان. ستالین لە نێوان چەندین ڕۆشنبیر و زانا و بیریاری گەورە و بلیمەتی حیزبی بەلشەفیدا، ئاسان گەیشتە ترۆپک و تەواوی ئەزموونی کۆمۆنیزمی بە لاڕێدا برد. جەهل و سیاسەت دوو شتن بە ئاسان لە یەکدی جیاناکرێنەوە. من دەپرسم: لەسەرتاسەری عێراقدا ئێستا سیاسییەکی عاقڵ و خوێندەوار و خاوەن دید و تێڕوانینی ورد و ڕوون دەبینیت؟ ڕاستییەکەی سیاسی وا لە ناوچەکەدا زۆر کەمە.
واتێدەگەم ئەم قەیرانەی ئەمڕۆ ئێمە پیا دەڕۆین، بونیادیی و قووڵترە. پرسیارەکەی من ئەوەیە: ئەم ئەزموونە لە چ دیدگایەکەوە شکستی خواردوە؟ یان بە چ پێوەرێک شکستی خواردوە، بە پێوەری ئێمەی خەڵک یان بە پێوەری دەسەڵاتداران؟

بۆ نمونە خەڵکانێک کە باس لە شکست دەکەن، پێوەرەکانیان ئەم چەمک و بەهایانەیە: “بەختەوەری هاوڵاتییان لە ناو سیستمەکەدا”، “بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووری کۆمەڵگا”، “سەرهەڵدانی کۆمەڵێکی زانستپەروەر”، “فراوانبوونی ڕووبەری ئازادییەکان”، “سەربەخۆبوونی دادگا و دەزگا قانونییەکان” … لەگەڵ چەندان یەکەی پێوانەیی دیکەش کە دەشێت فەرمانڕەواییەکی دیموکراس و سەرکەوتووی پێ بپێوین، بەپێی ئەم پێوەرانە ئەم ئەزموونە نەوەک هەر شکستی خواردوە، بەڵکو لە دۆخێکی کارەساتاویدا دەژی.
بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی بەم پێوەرانە سەرکەوتن و شکستی خۆی ناپێوێت. ئەوان کۆمەڵێک پێوەری دیکەیان هەیە کە دەشێت ئەمانە هەندێکیان بن:
“گەشەدان بە پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایە و گونجاندنی ژینگەی گونجاو بۆ جوڵاندن و گەشەی کەپیتال”، “بەهێزکردنی هاوپەیمانی نێوان بنەماڵە فەرمانڕەواکان لەگەڵ زلهێزەکانی ناوچەکە و جیهاندا”، “لاوازکردنی ئەگەرەکانی سەرهەڵدانی هەموو جۆرە ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە کە توانای بیرکردنەوەی نوێی هەبێت”، “هێشتنەوەی کۆمەڵگای کوردی لە دۆخێکی نەزانی و دواکەوتوویدا”، “سەرقاڵکردنی خەڵک بە گفتوگۆ و ململانێی ناوەکییەوە و دوورخستنەوەی لە هەر پرۆسێسێکی گەشەی ڕاستەقینە”.
بە کورتی پێوەرەکانی کۆمەڵگا و پێوەرەکانی دەسەڵات بۆ چەمکی شکست یەک شت نین. دەسەڵات لە باشوور پڕۆژەیەکی نەتەوەیی گەورەی نەبووە تا شکست بهێنێت، حوکمداریی سەرکەوتووش لە تێڕوانینی ئەواندا پەیوەندی بە بەختەوەری خەڵک و گەشە و پەرەسەندنی کۆمەڵگاوە نییە. حوکمداریی ئەوەیە دەزگایەکی سەربازی و ئەمنی بەهێزت هەبێت، پێگەی ئەو چەند بنەماڵە فەرمانڕەوایە و هاوکار و هاوبەشەکانیان بەهێز و پارێزراو بێت. واتە پڕۆژەکە لە بنەڕەتدا دامەزراندنی دەسەڵاتێکی بچوک و لۆکاڵ بووە کە کۆمەڵێک هاوسەنگیی سیاسی لە نێوان زلهێزەکان و هێزە ئیقلیمییەکاندا ڕابگرێت. لە هەندێک ساتی مێژووییدا، بە هۆی دروستبوونی هەندێک بۆشایی سیاسییەوە، وەک قۆناغی دوای ڕوخانی سەدام حوسەین، دەسەڵاتی هەرێم شتێک زیاتر لەوەی لای زلهێزەکانەوە ڕێپێدراوە گەشەیکردوە، بەڵام بە هۆی سیاسەتی نابەرپرسانەوە ئەو سوودە زیادانە تێکڕا لەدەستچوون. بە کورتی و بە گشتی حوکمڕانانی کورد جگە لە مانەوە ستراتیژ و پڕۆژەیەکی تریان نییە تا قسە لە سەرکەوتن و شکست بکەین، تا ئەو جێگایەی ئەوان لە دەسەڵاتدان و بازاڕ و سەرچاوەکانی سەرمایە لە بندەستی بنەماڵەکان و دەزگاکانی ئەواندایە، هەست بە دڵنیایی و سەرکەوتن دەکەن. ئەوەی مەترسی لەسەرە و لەدەستچووە، خەونەکانی مرۆڤی کوردە، ئاواتەکانی هاوڵاتیانی باشوورە، مافەکانی خەڵکە… بەڵام دەسەڵات پڕۆژەیەکی نەبووە ئەم خەون و ئاوات و مافانە بچەسپێنێت، لێرەوە قسەکردن لەسەر شکستخواردنی دەسەڵات لە ناواخندا، هەڵگری وێنەیەکی هەڵەیە بۆ دەسەڵات.
لە ساڵانی ڕابوردوودا دەسەڵات هەمووانی بەوە فریوداوە گوایە خەونەکان و ئاوات و ئومێدەکانی کورد هەموو یەکە، ئێستا دەبێت ڕوون بزانین ئەوەی شکستی هێناوە مرۆڤی کورد و خەونی هاوڵاتییانە، نەوەک حوکمی ئەو دەستە ئەرستۆکراتەی فەرمانڕەوایی دەکەن. بگرە لە ساڵانی ڕابوردوودا ئەم دەستەیە سیاسەتە ترسناکەکانی خۆیان بەسەرکەوتوویی پیادەکردوە.1. ئۆپۆزسیۆنیان لە کوردستان گۆڕی بۆ قەرەقۆزێک، شایەنی گاڵتە و پێکەنین بێت. 2. بۆ هێزە ئیقلیمییەکانی وەک تورکیا و عێراق و ئێرانیان سەلماند، ئەمان هێزێکی وەها کوردپەروەر نین هەڕەشەیەک لەسەر ئەوان دروستبکەن. 3. لە ڕێگای میدیاکان و سۆشیال میدیاوە نەفامی و دواکەوتوویی و گەمژەییەکی بەرنامەڕێژکراو و پلان بۆ دانراویان بڵاوکردەوە، لەو ڕێگایەشەوە بنەماکانی کۆمەڵگایەکی دواکەوتوویان چەسپاند. 4. دەسەڵاتی کۆمپانیاکانی خۆیان لە هەموو کەرتە ئابوورییەکاندا قایمکرد و جۆرە ئابوورییەکی کۆنتڕۆڵکراو و مۆنۆپۆڵکراویان خولقاند. 5. هەموو شوناسە سیاسییە بچوکەکانیان لە ناو خۆیاندا تواندەوە. 6. شتێکیان نەهێشت ناوی کۆمەڵگای مەدەنی بێت، بواری گشتییان تەسلیم بە هەندێک هێزی بچوک و کۆنزەرڤاتیڤ کرد، کۆمەڵگایەکی لێکدابڕاویان دروستکرد کە تێکڕا خەریکی لێدان و سوکایەتیکردنە بەیەک، لە زۆر جێگادا مینبەرەکانیان دایەدەست دواکەوتووترین و ترسناکترین و شەڕانگێزترین جەشنە بیرکردنەوەی سەلەفی، کە پرۆسەیەکی پەلامار و تۆقاندنی بەرنامەڕێژکراو و ئاڕاستەکراو دەبەنبەڕێوە. 7. کارێکیانکرد توانا ڕاستەقینەکان هەموو کۆچ بکەن و هیچ گەنجێکی هوشیار نەتوانێت لەو فەزا داخراو و ترسناکەدا بژی.
بە بڕوای من دەسەڵاتی کوردی خۆی حەزدەکات ئەو هەستە دروستبکات، گوایە شکستیان هێناوە و زۆریان نەماوە و ئیدی بەو نزیکانە لە کۆڵ خەڵک دەبنەوە، ئەوەش جۆرە تلیاک و بەنج و ئەفیونێکە پەیوەندی بە واقعەوە نییە. دەسەڵات نەیویستووە بەهەشت دروستبکات تا بڵێین شکستی هێناوە، ویستوێتی دۆزەخ دروستبکات و لەوەشدا سەرکەوتوو بووە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close