هەمەڕەنگنێودەوڵەتیدیمانە و ڕاپۆرت

بۆچی فەرەنسا ڕێگە بە بۆشینی حیجاب نادات؟

شکۆی کوردستان-


فەرەنسا قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لەناوەندەکانی خوێندن توندتر دەکاتەوە، لەم ڕاپۆرتەدا، بیانووەکانی حکومەتی فەرەنسا و رەخنەکانی دژی ئەو بڕیارە ئاشکرادەکەین.


لەهەنگاوێکی نوێدا دوێنێ ٢٨ی ئابی ٢٠٢٣ هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پەروەردەی فەرەنسا باڵاپۆشی یان لەبەرکردنی “عابا”ی ئاینیان لەلایەن خوێندکارە مسوڵمانەکان لە قوتابخانە حکومییەکان قەدەغەکرد.
ئەم هەنگاوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەرپرسانی حکومەتی فەرەنسا بیانووەکانیان ئاشکراکرد و پشتیوانانی ئازادی ئاینیش لەدژی وەستانەوە.
گابریل ئەتال، وەزیری پەروەردەی حکومەتی فەرەنسا لەوبارەیەوە ڕایگەیاند، حەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵێکی نوێی خوێندن، بڕیارەکە جێبەجێدەکرێت و کچان بۆیان نیە عابای شۆڕو داپۆشراو لەبەربکەن.
لەبارەی هۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارە، وەزیری پەروەردەی فەرەنسا دەڵێت، لەبەرکردنی عابای درێژ و باڵاپۆشی پێشێلکردنی بنەماکانی عەلمانیەتە، نابێت تەنها بەتێپەڕین بەناو پۆلەکاندا بزانیت کێ چ ئاینێکی هەیە.
دەشڵێت، “باڵاپۆشی ئاماژەیەکی دینییە بۆ تاقیکردنەوەی ئاستی باوەڕبوونی خەڵک بەو بنەما عیلمانیەی کەپێویستە قوتابخانەکە جێبەجێی بکات.”
بڕیاری قەدەغەکردنی باڵاپۆشی لەقوتابخانە حکومییەکاندا لەسەر بنەمای یاسایەکی ساڵی (٢٠٠٤)ە کە تێیدا لەبەرکردنی هەموو هێمایەکی ئاینی لەقوتابخانەکان قەدەغەکرا و لەبەرکردنی حیجابی مسوڵمانان و کیپاسی جولەکە و خاچی مەسیحییەکانی گرتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، پاپ ندایا وەزیری پێشوی پەروەردەی فەرەنسا دژی قەدەغەکردنی باڵاپۆشی وەستایەوە و ڕایگەیاند، نەیویستووە درێژی تەنورە و عابا بخاتە بڵاوکراوەیەکی هەمیشەییەوە کە ئاماژەبێت بۆ دژایەتیکردن.”
لای خۆشییەوە، ئۆلیڤەر ڤێران وتەبێژی حکومەتی فەرەنسا ڕایگەیاند، ئەو عابا و جل وبەرگە درێژانەی کچە مسوڵمانەکان لەبەریدەکەن، ئاماژەیەکی روونی ئاینی و هێمایەکی سیاسییە، کە ئەو وەک ڕێگایەک بۆ درستکردنی کاریگەریی و هەڵگەڕانەوەی دینی ئەوانی دیکە دیبینێت، ئەوەش پێچەوانەی بنەماکانی عیلمانیەتە.
بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنسا جگەلە کۆمەڵە و گروپە ئیسلامییەکان، هاوکات مشتومڕی گەورەی سیاسی لێکەوتەوە و کاردانەوەی دەستبەجێی پارتە چەپەکانی فەرەنساشی بەدواداهات و رەخنەی توندیان لێگرت.
لای خۆیەوە، کلیمێنتین ئۆتاین ئەندامی پەرلەمان لەپشکی پارتی ئینسۆمیسی چەپڕەو کاردانەوەی توندی نیشاندا و وەزارەتی پەروەردەی بە “پۆلیسی جل و بەرگ” لەقەڵەمدا و وتیشی، “بڕیارەکە رەتکردنەوەی بەردەوامی مسوڵمانانە.”
هاوکات، سەرۆکی پارتەکەش بڕیارەکەی بە،” هەوڵی بەسیاسیکردن و دروستکردنی فۆرمێکی دیکەی شەڕی دینی بێ مانا” لەقەڵەمدا.
هەر لەسەر ئەو پرسە، عەبدوڵا زیکری جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی مسوڵمانانی فەرەنسا هاتەدەنگ و رەخنەی توندی لە ئازادی و دیموکراسی فەرەنسا گرت و رایگەیاند، بیانووەکەی حکومەتی فەرەنسا لەجێی خۆی نییە، چونکە ئەو عابایەی کچانی مسوڵمان لەبەریدەکەن، بەرگێکی ئاینی نیە، بەڵکو جۆرێکە لە فاشیۆن و گەنجان وەک ئارەزومەندی جلێکی مۆدێرن لەبەریدەکەن.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close