کوردستانی

كورد له‌ كه‌ركوك نزیكه‌ى 120 پۆستى له‌ ده‌ستداوه‌

شكۆى كوردستان – كه‌ركوك
ته‌نیا له‌ پارێزگاى كه‌ركوك، كورد 119 پۆستى “گرنگ”ى له‌ ده‌ستداوه‌و ئه‌و پۆستانه‌شى كه‌ ئێستا به‌ ده‌ست كورده‌وه‌ ماون “هه‌ستیار” نین، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى پارێزگاكه‌ش ده‌ڵێت: “هۆزە عەرەبەكان هاوشێوەی سەردەمی مالیكی و پێش هاتنی داعش، پڕچەك دەكرێن ئه‌مه‌ش كارێكى مه‌ترسیداره‌”.

به‌پێى ئه‌و ئامارو زانیاریانه‌ى ده‌ست مه‌ریوان نادر، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كه‌وتووه‌، كورد له‌ پارێزگاى كه‌ركوك زۆرترین پۆستى لێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ دراوه‌ته‌وه‌ پێكهاته‌ى عه‌ره‌ب و توركمانى پارێزگاكه‌.

مەریوان نادر، ئەندامی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بە (شكۆى كوردستان)ی راگەیاند: پێشتر زۆربه‌ى پۆسته‌ گرنگه‌كانى كه‌ركوك به‌ ده‌ست كورده‌وه‌ بوون، به‌ڵام ئێستا زۆربه‌ى پۆسته‌كان كه‌ 119 پۆستن له‌ كورد وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ و دراوه‌ته‌وه‌ عه‌ره‌ب و توركمانى ئه‌و شاره‌.

وتیشى: هه‌رچه‌نده‌ ئێستا كورد زۆر پۆستى له‌ كه‌ركوك له‌ ده‌ستدا ماوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و پۆستانه‌ هه‌ستیار نین.

بەڕێوەبەری هەواڵگری کەرکوک، بەڕێوەبەری ئەمنی نیشتیمانیی کەرکوک و بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکان، ئه‌و پۆسته‌ “گرنگانه‌ن” كه‌ له‌ كورد وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌ و دراونه‌ته‌ عه‌ره‌ب و توركمانى كه‌ركوك.

ئەو پۆستانەی لە کورد وەرگیراونەتەوە:
52 پۆستی ئەمنی، 22 پۆستی تەندروستی، 11 بەرپرسی بەش لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی، 18 پۆستی ئیداری، 16 پۆستی دیکە.

پۆستە ئیدارییەکان:
پارێزگار، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، قائیمقامی ناوەند، قائیمقامی خورماتوو، قائیمقامی داقووق، بەڕێوەبەری شارۆچکەی دووبز، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک، بەڕێوەبەری سایلۆ، بەڕێوەبەری ئاو، چەند پۆستێک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور.

پۆستە ئەمنییەکان:
بەڕێوەبەری پۆلیس، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکان، بەرپرسی هەواڵگری و
بەرپرسی هۆبەی ئاسایشی نیشتمانی.

جگه‌ له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ى پۆسته‌كان له‌ به‌رپرسانى كورد، هاوكات هۆزه‌كانى پارێزگاكه‌ پڕ چه‌ك ده‌كرێن.

عەمید ئیدریس رەفعەت، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك راگه‌یاند: لە كەركووك كارێكی مەترسیدار ئەنجامدەدرێت و هۆزە عەرەبەكان هاوشێوەی سەردەمی مالیكی و پێش هاتنی داعش، پڕچەك دەكرێن، ئەمەش پێچەوانەی هەموو كارێكی دەوڵەتدارییە و ناكرێت رێگە بە هۆزەكان بدرێت چەك هەڵبگرن.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى كورد، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: چەند رۆژێكە لە سنووری حەویجە ورەشاد و عەباسی رێگە بە هۆزە عەرەبەكان دراوە چەكدار بكرێن و چەكیشیان پێدراوە، بە تایبەت هۆزەكانی جبوور و عوبێد و ئەركیان پێسپێردراوە كە كاری گەڕان و پشكنین بە دوای داعشدا بكەن، ئەمەش پێچەوانەی هەموو كارێكی دەوڵەتدارییە و ناكرێت رێگە بە هۆزەكان بدرێت پڕ چەك بكرێن، چونكە ئەمانە دەبنە مەترسی و هەر كاتێك بەهێز بوون و خۆیان رێكخستەوە، ڕووبەڕووی حكوومەت دەبنەوە و هێرشی سەر كەركووك دەكەنەوە.

بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركووك گوتیشی: “چوار هۆز تا ئێستا پڕ چەك كراون و ئەمەش دژی ڕێنماییەكانە، كە پێش ساڵی 2014 و لە سەردەمی حكوومەتی نووری مالیكیشدا، هۆزەكان پڕ چەك كران، دواتر چوونە پاڵ داعش و هاوكاریی داعشیان كرد دژی خەڵكی كەركووك، بۆیە ئەوەی كە كراوە لە كەركووك، كارێكی مەترسیدارە و ناكرێت رێگە بدرێت خەڵكی مەدەنی ببێتە چەكدار.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close