کوردستانی

بەرپرسێكی باڵا: حكومەت 500 ملیۆن دینار قەرزی لەكۆمپانیاكان وەرگۆتۆتەوە

شكۆی كوردستان-

سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نزیكەی 500 ملیۆن دیناری قەرزی جۆراوجۆری بازرگانییان وەرگرتووەتەوە ‌و دەشڵێت، “ئەو موڵكانەی وەك گرنتی لە بری قەرزەكان دانراون، ئەگەر نەفرۆشرێن دەبنە موڵكی حكومەت”.

د. عەبدولحەكیم خەسرەو، سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی لە ئەنجوومەنی وەزیران راگەیاند، لە درێژەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا “تاوەكو ئێستا نزیكەی 500 ملیۆن دینار لە‌و بازرگان‌ و كەسانە وەرگیراوەتەوە كە پێشتر قەرزیان لە حكومەت كردووە”.

سكرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی باسی لەوەش كرد، وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانە پرۆسەیەكی یاساییە‌ و هەنگاوبەهەنگاو دەكرێت.

د. عەبدولحەكیم خەسرەو راشیگەیاند، “بانكەكانی وەزارەتی دارایی تاپۆكانیان ئاگادار كردووەتەوە ئەو موڵكانەی وەك گەرەنتی لە بری قەرزەكان دانراون، ئەگەر خاوەنەكانیان هەر ئامادەنەبوون قەرزەكان بگەڕێننەوە، ئەوا مۆڵكەكانیان دەخرێنە موزایەدەوە. ئەگەر لەوێشدا نەفرۆشرێن، ئەوا دەبنە موڵكی وەزارەتی دارایی”.

وەرگرتنەوەی قەرزەكانی حكومەت كە لای بازرگانانە، وەك باس دەكرێت نزیكەی 800 ملیار دینارە، لەسەر دوو بنەمایە: یەك لە 5ی 5ی 2020 سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد و یەكێک لەو بڕیارانە وەرگرتنەوەی قەرزە بازرگانییەكان بوو. دوو پشت بەستنە بە بڕگەی سێسەمی ماددەی 13ی یاسای چاكسازی کە لەو ماددەیەدا باس كراوە پێویستە وەزارەتی دارایی ئەو قەرزانە وەربگرێتەوە.

یاسای چاكسازی كە لە 19 ماددە پێكهاتووە و لە 2020/01/16 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندكرا و 2020/02/03 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان واژۆی لەسەر كرد و لە 2020/07/01ـەوە یاساكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2011 هەندێ‌ک لە خاوەن كۆمپانیا و بازرگانان لە رێگەی بانكە بازرگانییەكانەوە قەرزیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووە، بەڵام ئێستا بەشێك لەوانە ئامادەنین ئەو قەرزانە بدەنەوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close