نێودەوڵەتیکوردستانی

ئێران له‌باره‌ی ده‌نگۆی رۆڵی دژه‌ تیرۆری یه‌كێتی له‌ كوشتنی قاسم سوله‌یمانی هه‌ڵوێستی خۆی راده‌گه‌یه‌نێت

شكۆی كوردستان-

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند،  زۆر دەنگۆ لەسەر دۆسیەی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بڵاودەکرێنەوە، بەڵام راستی و دروستیان دەبێت پشتڕاستبکرێنەوە و ئەوانەی بەشداربون لەو روداوە، روبەڕوی لێپرسینەوە و سزای ئێران دەبنەوە.

زۆر دەنگۆ لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام راستی  ودروستیان دەبێت پشتڕاستبکرێتەوە

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەرۆژنامەنوسانی وڵاتەکەی راگەیاندوە، پەیوەست بە راپۆرتی ماڵپەڕی یاهونیوزی ئەمریکی لەبارەی “تێوەگلانی رژێمی ئیسرائیل و دژەتیرۆری کوردستانی عێراق لەروداوی کوژرانی قاسم سولەیمانی” حکومەتی ئێران بەردەوامە لەهەوڵ و لێکۆڵینەوەکانی “لەسەر دۆسیەی شەهید سلێمانی لەناوەندە نێودەوڵەتییەکان، زۆر دەنگۆ لەسەر ئەم بابەتە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام راستی  ودروستیان دەبێت پشتڕاستبکرێتەوە”.

 ئەوانەی بەشداربون لەو روداوە، روبەڕوی لێپرسینەوە و سزای ئێران دەبنەوە

ئاماژەی بەوەشکردوە، “هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە ئەوانەی بەشداربون لەو روداوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەهەر وڵاتێکدا بن، روبەڕوی لێپرسینەوە و سزای ئێران دەبنەوە”.

هەموان بەیەکەوە ئەو سەرچاوانە کۆر کەینەوە کە سەرچاوەی درۆ و ناڕاستین

شەوی رابردو نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران رایگه‌یاند، دەنگۆی “تێوەگلانی” دەزگای دژەتیرۆر لەکوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران جگە لە هەوڵێک بۆ تێکدان و دروستکردنی پشێوی لەهەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران هیچ شتێكی دیکە نیە، بۆیە داوا دەکەن هەموان بەیەکەوە “ئەو سەرچاوانە کۆر کەینەوە کە سەرچاوەی درۆ و ناڕاستین لەسەر ناو و ناوبانگی هەمو بەشداربویەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان”.

به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ئاگاداربون و به‌شداربونی هێزه‌كه‌مان له‌ كرده‌وه‌ی له‌وجۆره‌دا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌

لای خۆیەوە وتەبێژی ده‌زگای دژه‌ تیرۆر رایگەیاند، راپۆرتێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ تیایدا به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕون تۆمه‌تی به‌شداربون له‌ كه‌یسی تیرۆركردنی ژه‌نراڵ قاسم سلێمانی ده‌خاته‌ سه‌ر چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی كوردی و له‌ شوێنێكی تر ناوی هێزێكی دژه‌ تیرۆری سه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان هاتوە، “به‌هه‌مو شێوه‌یه‌ك ئاگاداربون و به‌شداربونی هێزه‌كه‌مان له‌ كرده‌وه‌ی له‌وجۆره‌دا ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌”.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close