نوسینی: د.ڕۆسته‌م سه‌لام عه‌زیز
له‌هه‌رێمی كوردستان شان به‌شانی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ڤایرۆسی كۆرۆنا و گرفتی ئابوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی رۆژانه چه‌ندین بابه‌ت و تێزی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی مشتومری له‌سه‌ر ده‌كرێ له دیارترینیان بابه‌تی لامه‌ركه‌زی كارگێریه.
له‌نێوان هه‌ردوو به‌ره‌ی لامه‌وكه‌زی و مه‌ركه‌زی هاوڵاتیانی قه‌زای كۆیه به مافی خۆیان ده‌زانن بپرسن ئایا ئه‌وان ده‌كه‌ونه چ شوێنێكی ئه‌م هاوكێشه‌یه؟ له‌كاتێكدا سنووری ئه‌م قه‌زایه ته‌نها له رووداوه نه‌خوازراو ماڵوێرانیه‌كان ناوی ده‌چێته سه‌ر شانۆی باسكردن، به‌ڵام به‌ده‌گمه‌ن له كردنه‌وه‌ی پرۆژه گرنگ و بایه‌خداره‌كان (جگه له زانكۆی كۆیه) له مانشێت و هه‌واڵه‌كان باس ده‌كرێ.
قه‌زای كۆیه یه‌كێكه له قه‌زا كۆنه‌كانی عێراقه، به‌پێی سیسته‌می دابه‌شبوونی كارگیری له‌ماوه‌ی حوكمرانی (مدحت پاشا) (1869-1872) یه‌كێك بووه له (18) قه‌زاكه‌ی ولایه‌تی موسل وه تاكو ئێستا به پله‌ی كارگێری قه‌زا ماوه‌ته‌وه. ئه‌م قه‌زایه به‌تایبه‌تی شاری كۆیه له دێر زه‌مانه‌وه ناوچه‌یه‌كی ستراتیژی بووه ئه‌لقه‌ی به‌یه‌كه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی سلێمانی- كركوك – هه‌ولێر بووه یه‌كێك له‌گرنگترین شاره‌كانی عێراق كه مه‌ڵبه‌ندی رۆشه‌نبیری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه، ته‌نها به ناوهێنانی شاعیر‌و فه‌یله‌سوف حاجی قادری كۆیی به‌سه به ئاشنا بوون به‌م شاره، ئه‌مه سه‌ره‌رایی چه‌ندین شاعیر‌و نووسه‌رو رووناكبیر سه‌ر مه‌شق بووین له پێشخستنی كۆمه‌لگای كوردی. له مه‌یدانی سیاسی كۆیه قوتابخانه‌ی چه‌ندین سه‌ركرده‌و سیاسه‌تمه‌دار بووه كه رۆڵی پرشه‌نگداریان هه‌بووه له پێشخستنی بزاوتی كوردایه‌تی.
له‌رووی جوگرافیه‌وه قه‌زای كۆیه ده‌كه‌وێته باشوری رۆژهه‌ڵاتی پارێزگای هه‌ولێر به‌دووری (70كم) له شاری هه‌ولێر و دووری 110 كم له شاری سلێمانی و به‌دووری80 له شاری كه‌ركوك. ئه‌م قه‌زایه له شه‌ش یه‌كه‌ی كارگێری پێكهاتووه(سه‌نته‌ری كۆیه- ته‌ق ته‌ق- سێگردكان – شۆڕش (دێگه‌ڵه)- سكتان و ئاشتی) ژماره‌ی دانیشتوانی به نزیكه‌ی 106454 كه‌سه ڕووبه‌ره‌كه‌ی 2005 كێلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه.
له‌ڕووی كارگێرییه‌وه ئه‌م قه‌زایه دوا به‌دوای شه‌ڕی ناوخۆ له ساڵی1997 له‌سه‌رده‌می دوو ئیداره‌یی سه‌ر به‌حكومه‌تی هه‌رێمی سلێمانی بوو وه‌ك ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ به‌سیفه‌تی پاریزگا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرا. دوای یه‌گكرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی حكومه‌ت له‌ساڵی 2000 پله‌ی كارگێری به قه‌زا ماوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه ئه‌م قه‌زایه له‌وكاته‌وه كه‌وتۆته نێوان به‌رداشی كارگێری و سیاسی، له‌رووی سیاسی له‌ژێر هه‌ژموونی یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان له‌رووی كارگێری سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێره.
تایبه‌تمه‌ندییه سه‌ره‌كییه‌كانی قه‌زای كۆیه:
1-ده‌وڵه‌مه‌نده به‌ده‌رامه‌تی سروشتی به‌تایبه‌تی نه‌وت وغازی شل وه‌ك (كێڵگه نه‌وتی ته‌ق ته‌ق) و كێڵگه‌ی غازیچیای به‌نه‌باوی.
2-ده‌وڵه‌مه‌نده به ئاوی سه‌رزه‌وی له‌وانه‌ش تێپه‌ربوونی زێی بچووك به‌سنووری قه‌زاكه به درێژی 50 كم هه‌روه‌ها بوونی به‌نداوی سماقووڵی و دێگه‌ڵه.
3-توانستی گه‌وره‌ی هه‌یه له بواری كشتوكاڵ به‌تایبه‌تی دانه‌وێله و باخداری.
4-بوونی زانكۆ و په‌یمانگا له شاری كۆیه.
له‌زانستی جوگرافیا هه‌ر شاره‌و كه‌سایه‌تی شوێنی خۆی هه‌یه، ئه‌م قه‌زایه مافی خۆیه‌تی زیاتر له‌مه‌ش پێگه ومێژووی باس بكه‌ین و پیا هه‌ڵبرێن، له مێژوودا زۆر شار هه‌بووه ئه‌وه‌نده ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بووه له دروستكردنی شارشتانیه‌تدا به‌شێوه‌ی ئه‌فسانه باسی رابردووی ده‌كرێ له رووی چالاكی ئابوری و سیاسی، به‌ڵام ئێستا هه‌ندێكیان به هۆكاری سروشتی یان مرۆیی ته‌نها وه‌ك ناوچه‌یه‌كی شوێنه‌وار ناویان ده‌هێنرێ، ناڵێم قه‌زای كۆیه (شاری كۆیه) كه‌سایه‌تی و پێگه و مێژووی پڕشه‌نگداری گه‌یشتبێته ئاستی شاره له بیركراوه‌كان Forgotten Cities یان شاره مردووه‌كان Dead Cities به‌ڵام ده‌كرێ بڵێن پاداشتی ئه‌تۆ نه‌كراوه له‌ئاست ئه‌و خزمه‌ته رۆشه‌نبیری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ی ئه‌م ده‌ڤه‌ره به خشیویه‌تی، كه‌چی ئێستا گه‌یشتۆته ئاستێك كه چه‌ندین شارۆچكه‌ی ده‌وروبه‌ری كه تا دوێنی به‌گوند هه‌ژمار ده‌كران ئه‌مڕۆ ئه‌وان له گرنگی پێدانیان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداری كوردی له پێشترن.
گرفت و له‌مپه‌ره‌كانی پێشكه‌وتنی قه‌زای كۆیه:
ئه‌م قه‌زایه به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌وتۆته نێوان به‌رداشی سیاسی – كارگێری به‌جۆرێك له ڕووی سیاسییه‌وه به‌رووبه‌ری 1257 كێلۆمه‌تر چوارگۆشه نزیكه‌ی 100000 كه‌س دانیشتوانی كه‌وتۆته ژێر نفوزی سیاسی یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان، له‌به‌رامبه‌ردا له ڕووی كارگێڕییه‌و سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێره ئه‌مه‌ش چه‌ندین ده‌رهاویشته به‌دوای خۆیدا ده‌هێنی له‌وانه: له‌هه‌ر بارگرژییه‌كه‌ی سیاسی له‌هه‌رێمی كوردستان خه‌ڵكی ئه‌م قه‌زایه تووشی دڵه‌ڕاوكێ ده‌بن به‌تایبه‌تی له كێشه‌ی هاتووچۆ له نێوان شاری هه‌ولێرو كۆیه.
ئه‌و پرۆژانه‌ی له قه‌زاكه جێبه‌جێده‌كرێ دووچاری شكست ده‌بنه‌وه به ۆی لاوازی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڵسه‌نگاندن.
ململانێی سیاسی وایكردووه پڕۆژه‌ی ئاوه‌دانی و په‌ره‌پێدانی ئابوری به‌ده‌گمه‌ن ته‌رخانكرابێ بۆ قه‌زاكه به‌به‌راورد به ناوچه‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان.
باری هه‌ستیاری قه‌زاكه به‌هۆی ڕووداوی شه‌ری ناوخۆ هانده‌ر نییه بۆ سه‌رمایه‌داران سه‌رمایه‌كانیان له پڕۆژه‌كان خه‌رجبكه‌ن.
قه‌زای كۆیه خاوه‌نی هیچ ده‌روازه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی نییه واته به (قه‌زایه‌كی داخراو) ناسراوه له ڕووی جموجۆڵی بازرگانی.
زۆری ژماره‌ی مووچه‌خۆر كه نزیكه‌ی 30000 مووچه‌خۆر ده‌بێ به‌ڕێژه‌ی 33% كۆی ئه‌وانه پێكده‌هێنت، كه ته‌مه‌نیان له 18 ساڵ به‌ره‌وه سه‌ره‌وه‌یه بۆیه له‌كاتی هه‌ر گرفتێكی ئابوری به‌تایبه‌تی له دواكه‌وتنی مووچه كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر جموجۆڵی بازاڕ دروستده‌كات.
به‌رزی و ڕێژه‌ی بێكاریی له قه‌زاكه، له ساڵی 2014 ڕێژه‌كه 10% بووه كه‌چی له ساڵی 2019 ئه‌م ڕێژه‌یه به‌رزبۆته‌وه بۆ 20%.
گرفتی كۆچ بۆ ده‌ره‌وه‌ی قه‌زاكه به‌تایبه‌تی له چینی سه‌رمایه‌داران واباوه له شاری كۆیه هه‌ركه‌سێك كه بووه خاوه‌ن سه‌رمایه هه‌وڵده‌دا سه‌رمایه‌گوزاری له شاره‌كانی هه‌ولێرو سلێمانی و ڕانیه بكات.
كێشه‌ی زیاده‌ڕۆیی له سه‌نته‌ری شاره‌كان و زه‌وییه كشتوكاڵی و له‌وه‌رگا سروشتییه‌كان به‌جۆرێك ئه‌م زیاده‌ڕۆییه بویته دیارده‌یه‌ك تاكو ئێستا هیچ به‌رپرسێكی ئیداری یه‌ك له‌دوای یه‌ك نه‌یانتوانیوه كۆنتڕۆڵی ئه‌م دیارده‌یه بكه‌ن، ئه‌گه‌ر وابڕوات ئه‌م قه‌زایه به‌هۆی زیاده‌ڕۆیی سیفه‌تی شارنشینی له‌ده‌ست ده‌دات.
له پلاندانی شار ناوچه‌ی پیشه‌سازی به كۆڵه‌كه‌ی ئابوری شار داده‌نرێ یه‌كێك له گرفته‌كانی شاری كۆیه نه‌بوونی ناوچه‌یه‌كی پیشه‌سازی مۆدرێنه.
كێشه‌ی شوێنی فڕێدانی زبڵ و خاشاك كه ئێستا شوێنه‌كه ڕاسته‌وخۆ لكاوه به هه‌ندێك گه‌ڕه‌كی شاره‌كه، ئه‌مه بۆ هه‌موو شاره‌كانی قه‌زاكه هه‌مان گرفته، به‌تایبه‌تیش بۆ شاری كۆیه نه‌نگیه‌كی گه‌وره‌یه شوێنی زبڵخانه‌كه كه‌وتۆته سه‌ر دیارترین شه‌قامی سه‌ره‌كی كه ڕۆژانه خه‌ڵكی شاره‌كانی هه‌ولێرو سلێمانی ئه‌م دیارده ناشیرنه ده‌بینن.
كه‌مبوونه‌وه‌ی نفوزی هه‌رێمی وه‌زیفی شاری كۆیه، له بواری شارنشیندا هه‌ر شاره‌وه به‌پێی پێگه‌و قه‌باره‌ی دانیشتوان و به‌های ئابوری په‌یوه‌ندی به ده‌وروبه‌ری خۆی هه‌یه، كه پێیده‌وترێ City Region به‌هۆكاری كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر به‌تایبه‌تی له خراپی ڕێگه‌وبان و فاكته‌ری سیاسی ده‌كرێ بڵێین: به‌شێك له شار‌و گونده‌كانی قه‌زاكه په‌یوه‌ندی ئابورییان به شاره‌كه زۆر لاواز بووه به‌تایبه‌تی ناحیه‌ی شۆڕش- سكتان- دۆڵی سماقوڵی ئه‌مه‌ش وایكردووه شاره‌كه به‌ته‌واوه‌تی په‌راوێز بخرێت.
كردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له زانكۆ‌و په‌یمانگای حكومی و ئه‌هلی له شاره‌كانی كوردستان وایكردووه ڕێژه‌ی وه‌رگرتن له‌خوێندكارانی ده‌ره‌كی بۆ زانكۆكه كه‌مببێته‌وه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری راسته‌خۆی كردۆته سه‌ر جموجۆڵی بازاڕی شای كۆیه.
چاره‌سه‌ر و پێشنیازه‌كان؛
به‌مه‌به‌سنی گه‌ڕانه‌وه‌ی پێگه‌ی ئابوریی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م قه‌زایه، ده‌بێ خه‌ڵكی قه‌زاكه و حكومه‌تی هه‌رێم كار له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه بكه‌ن:
ڕاسته‌وخۆ ئیداره‌ی قه‌زای كۆیه ئه‌نجوومه‌نێكی ڕاوێژكاری پێكبهێنن له خه‌ڵكانی پسپۆڕ و خاوه‌ن كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی سه‌ربه‌خۆ و بوێر ئه‌رك وده‌سه‌ڵاتیان به‌م شێوه بێ:
ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه له (7) كه‌سی پێكبێت له‌گه‌ڵ چه‌ند ئه‌نجوومه‌نێكی لاوه‌كی له ناحیه‌كانی قه‌زاكه. ئاماده‌كردنی پڕۆپۆزه‌ل بۆ ئه‌و پڕۆژه گرنگ و ستراتیجیانه‌ی كه ده‌بنه هۆی پێشخستنی ژێرخانی قه‌زاكه به‌تایبه‌تی له هێنانه‌كایه‌وه‌ی هه‌لی كار ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی دیداری زانست و ئه‌كادیمی واباشتره به‌سپۆنسه‌ری زانكۆی كۆیه بێ.
كاركردن له‌سه‌ر دیاریكردنی ڕێژه‌ی دامه‌زراندن له‌كه‌رتی حكومی و ئه‌هلی به‌جۆرێك قبوڵی نه‌كه‌ن جگه له خه‌ڵكانی ئه‌م قه‌زایه كه‌سی تر له پڕۆژه‌كان سوودمه‌ند بن.
هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی بۆ هه‌ر سێكته‌رێك له قه‌زاكه ئه‌نجامبدرێ سه‌رمایه‌داری ئه‌م قه‌زایه جێبه‌جێى بكات و هه‌ر ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه ده‌سه‌ڵاتی به‌دواداچوون و چاودێری هه‌بێ. ئه‌م ئه‌نجومه‌نه ده‌سه‌ڵاتی ڕاوێژپێكردنی هه‌بێ له دانانی به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه حكومییه‌كان بۆ دانانی كه‌سی شیاو.
ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه ده‌سه‌ڵاتی فشاری هه‌بێ له‌سه‌ر حكومه‌ت و ئیداره‌ی قه‌زاكه له‌كاتی گوێی نه‌دان به‌داواكارییه‌كانیان.
كاركردنی به‌په‌له له پێدانی سیفه‌تی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ بۆ قه‌زاكه، كه كاتی خۆی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ساڵی 2011 ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به خه‌ڵكی قه‌زاكه داوه، چونكه ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ك ده‌بێته زامنێكی مه‌عنه‌وی بۆ هاوڵاتیان له‌لایه‌كی تریشه‌وه ده‌بێته هۆی زیادبوونی ده‌سه‌ڵاته كارگێڕی و داراییه‌كان.
كاركردن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردن و ته‌واوكردنی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی ستراتیژی له‌وانه‌ش:
ته‌واوكردنی پڕۆژه‌ی دووسایدی هه‌ولێر – كۆیه، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌م اوه‌ی نێوان هه‌ردوو شاره‌كه ده‌كاته نزیكه‌ی 40 كم ئه‌مه‌ش واده‌كات په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌رێمی وه‌زیفی پته‌و دروست بێ له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووی كاڵا و شمه‌ك بۆ خه‌ڵكی قه‌زاكه له هه‌مان كاتدا ده‌بێته هۆكارێك بۆ پێشخستنی كه‌رتی نیشته‌جێبوون بۆ به‌شێك له خه‌ڵكی هه‌ولێر كه حه‌زو ئاره‌زوویانه له شارێكی ئارام و ژینگه ی پاك نیشته‌جێبن.
جه‌ختكردنه‌وه له به‌ستنه‌وه‌ی شار‌و گونده‌كانی قه‌زاكه به‌سه‌نته‌ری شاری كۆیه له ڕێگه‌ی دروستكردنی ڕێگه‌ی كۆیه- میرسه‌ید- سماقوڵی، هه‌روه‌ها دروستكردنی ڕێگه‌ی قیرتاوكراوى نێوان كۆیه و به‌ستی شه‌لغه، ڕێگه‌ی ته‌قته‌ق – سێگردكان، هه‌روه‌ها نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگه‌ی كۆیه – شه‌وگێر و به‌ستنه‌وه‌ی به ڕێگه‌ی ته قته‌ق (چۆم حید).
جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی گه‌رماوی كانزایی (حه‌مام جه‌لی) به دیزاینێكی مۆدێرن، كه ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی دارایی باش بۆ قه‌زاكه و ده‌بێته یه‌كه‌م پڕۆژه‌ی گه‌رماو له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان.
جێبه‌جێكردنی پڕۆژوی ئاودێری زێی بچووك تا ده‌گاته گوندی (هه‌واوان)، ئه‌م پڕۆژه‌یه ده‌توانێت بناری ده‌شتی كۆیه بكات به گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ی زه‌یتون له هه‌رێم.
كاركردن له‌سه‌ر دووباره داڕشتنه‌وی تۆڕی ڕێگه‌وبان له كۆیه به‌جۆرێك كه سیمایه‌كی شارشتانی جوان به‌شاره‌كه ببه‌خشێ. دروستكردنی چه‌ند قوتابخانه و خوێندنگایه‌ك له شاره‌كانی قه‌زاكه به‌پێی پێویستی و به پێوه‌ری گونجاو. په‌له كردن له دیاریكردنی شوێنی گونجاو بۆ فڕێدانی زبڵ و خاشاك به‌تایبه‌تی شاری كۆیه.
كاركردن بۆ دروستكردنی به‌نداوی ته‌قته‌ق، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای گڵدانه‌وه‌ی ئاو ده‌بێته ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاریی بۆ قه‌زاكه، هه‌روه‌ها هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ په‌ره‌پێدانی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری.
*پسپۆڕ له بواری جوگرافیای پلاندانانی شار و هه‌رێمی.