نێودەوڵەتیکوردستانی

” ره‌نگه‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق له‌هه‌ولێر یان له‌سلێمانی ئه‌نجامبدرێت”

شكۆی كوردستان-

سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ڕایدەگەیەنێت، بینای پەرلەمانی عێراق لەلایەن لایەنگرانی ڕەوتی سەدرەوە کونترۆڵکراوە، بۆیە پێشنیارکراوە کۆبوونەوەی پەرلەمان ببرێتە هەولێر یان سلێمانی، ئەمە پێچەوانەی دەستور و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان نیە، چونکە لە حاڵەتی ڕووداوی کوت و پڕدا، ڕێگە بە کۆبوونەوەی پەرلەمان لە جێگەی تر دراوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، دەڵێت”بینای دەسەڵاتی یاسادانان داگیرکراوە و ناهێڵن دانیشتن بۆ تەواوکردنی مافە دەستورییەکان ئەنجام بدرێت، بۆیە دۆخی عێراق گەیشتووەتە بنبەست.”

گوتیشی”پێشنیارکراوە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تەواوکردنی مافە دەستورییەکان ببرێتە هەولێر یان سلێمانی، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت، تا ڕزگارمان بێت لە حکومەتەکەی کازمی، کە بووە هۆی دروستکردنی زۆر کێشە لە عێراق دا.”

سەعد مەتڵەبی ڕوونیشیکردەوە، پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکان دەتوانن لە هەولێر یان سلێمانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام بدەن، چونکە بەپێی دەستور و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش، لە حاڵەتی ڕوودانی بارودۆخی کوت و پڕدا، پەرلەمان دەتوانێت لە دەرەوەی بینای پەرلەمان و لەجێگەی تر کۆببێتەوە.

سەبارەت بە ڕای چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەگەری گۆڕینی محەمەد شەیاع سودانی، دوای ڕەتکردنەوەی لەلایەن ڕەوتی سەدرەوە، سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا گوتی”محەمەد شەیاع سودانی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە لەلایەن هەموو هێزەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی یەوە، کورد و سونەش پێی ڕازین، بەڵام ڕەوتی سەدر هیچ کاندیدێکی چوارچێوەی هەماهەنگییان قەبوڵ نییە، تەنانەت گەر محەمەد شەیاع سودانیش بگۆردرێت، ڕەوتی سەدر کاندیدی تری هەماهەنگی قەبوڵ ناکات.”

دەربارەی ڕای چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر هەبوونی پەیوەندی لەنێوان ڕەوتی سەدر و پارتی و عەرەبی سونە، سەعد مەتڵەبی گوتی”ڕەنگە هەماهەنگی هەبێت لەنێوانیان، بەڵام هەڵوێستی فەرمی حەلبوسی ئەوەیە ڕازییە لەسەر کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، برایانی کوردیش گەر ڕێکبکەون لەسەر کاندیدی سەرۆک کۆمار، لارییان نیە لە کۆبوونەوەی پەرلەمان، بۆیە گەر ڕاوێژ و هەماهەنگیش هەبێت لەنێوان سەدر و کورد سونە ئاساییە، چونکە لێدوانی فەرمییان ئاماژەیە بۆ پشتگیری کردنیان بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان.”

لە کۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەعد مەتڵەبی سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا، ڕەتیکردەوە مەترسی ڕوودانی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق لە ئارادا بێت، گوتی”هەموو وڵاتان دژی شەڕی ناوخۆیین، بۆیە ئەو ئەگەرە لاوازە.”

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close