نێودەوڵەتی

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەسەڵاتی هێرشی سەربازیی لەسەرۆک کۆمار سەندەوە

شکۆی کوردستان-

هەردوو حزبی کۆماری و دیموکرات لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا دەنگیان بە گەڵاڵەیەک دا کە دواجار مۆڵەتی سەرۆک کۆمار بۆ دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.

لەو دەنگدانەدا زیاتر لە 19 سیناتۆری کۆماری پەیوەست بوون بە دیموکراتەکانەوە و پلانەکەیان بە گشتی لە یادی بیستەمین ساڵیادی هێرشی سەربازی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق پەسەند کرد.

سیناتۆرەکان بە 68 دەنگی ئەرینی بەرامبەر بە 27 دەنگی ناڕەزای، دەنگیان دا بۆ پێشکەوتن لەسەر یاسایەک کە ڕێوشوێنی ساڵی 2002 هەڵدەوەشێنێتەوە کە گڵۆپی سەوزی لەشکرکێشی سەربازی ساڵی 2003ی بۆ سەر عێراق هەڵکرد .

ئەم هەوڵە دوو لایەنە لە کاتێکدایە کە یاسادانەرانی هەردوو حزبەک لەهەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکانی کۆنگرێس لەسەر هێرش و بڵاوەپێکردنی سەربازی ئەمەریکا و دەڵێن مۆڵەتەکانی جەنگ چیتر پێویست نین و ئەگەری ئەوە هەیە بە شێوەی خراپ بەکاربهێنرێن.

جۆو بایدن سەرۆک کۆماری ئەمەریکا پشتگیری لەو هەوڵانە دەکات و کۆشکی سپیش ئەمڕۆ پێنجشەممە بەیاننامەیەکی بۆ پشتگیریکردنی ئەو هەوڵانە بڵاوکردەوە.

کۆشکی سپی دەڵێت “هەڵوەشاندنەوەی ئەو مۆڵەتانە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێستای ئەمەریکا نابێت و پشتگیری لە پابەندبوونی ئەو بەرێوبەرایەتییە دەکات بەرامبەر بە پەیوەندییەکی بەهێز و هەمەلایەنە لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان.”

دوای ئەوەی وردەکارییەکان سەبارەت بەو پلانە لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەندکرا، بۆ ئەوەی ببێتە یاسا، دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکاشەوە پەسەند بکرێت و دواتریش دەبێت سەرۆکی ئەمەریکا واژۆی لەسەر بکات.

بەپێی یاسای ئەمەریکا دەسەڵاتی بڕیاردان سەبارەت بە شەڕی دەرەوە لە ئەستۆی کۆنگرێسدایە، بەڵام لە چەند مانگی دوای هێرشە تیرۆریستییەکانی 11ی سێپتەمبەری 2001، جۆرج بۆش مۆڵەتی لە کۆنگرێس وەرگرت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دەستپێکردنی شەڕ وەربگرێت.

هێشتا ڕوون نییە کە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ئەم پلانە پەسەند بکات، بە تایبەت کە زۆرینەی ئەو ئەنجومەنە لە مانگی یەکەوە بەدەست زۆرینەی کۆمارییەکانەوەیە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی پێشوو کە زۆرینەی دیموکرات بوون، دوو ساڵ لەمەوبەر پلانێکی هاوشێوەیان پەسەند کرد و تەنانەت 49 نوێنەری کۆمارییەکانیش دەنگیان پێدا، بەڵام ئەو کات کیڤن مەکارتی کە سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنەکەیە، دەنگی دژی ئەو پلانە دا و ئەگەر حزبەکەی ئەمجارە دژی ئەو پلانە بێت، ئەگەری هەیە پلانەکە پەسەند نەکرێت. ئەندامانی کۆمارییەکان تا ئێستا هیچ لێدوانێکی نوێیان سەبارەت بەو پلانە نەداوە.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close