Uncategorized

مەوقعی لەمەودوای کورد لە رێکەوتنی ئاشتی عەرەب و ئیسرائیل!

دڵشاد مه‌جید/ تایبەت بە رۆژنامەی شكۆی كوردستان-

مۆرکردنی پەیمانی ئاشتی ھەردوو وڵاتی ئیمارات و بەحرین لەگەڵ  ئیسرائیل و ڕێکكەوتنی پێشووتری ئوردن و میسر لەگەڵ  ئیسرائیل  و ڕێکكەوتنی تری لە مەودوای ھەندێ وڵاتی عەرەبی تر لەگەڵ ئیسرائیل؛پێمان دەڵێ: کە ھاوکێشەیەکی نوێ لەناوچەکە بەڕێوەیە.

ئەوەی روون و ئاشکرایە ئەو چوار وڵاتە عەرەبیە کێشەی قووڵ و درێژخانیان لەگەڵ ھەردوو وڵاتی  تورکیاو ئێران ھەیە، بەڵام ئەمانە کێشەکانیان زیاتر لەگەڵ  تورکیایە. ئەو کێشەیەش کێشەیەکی ئایدۆلۆجی  چارەنووسسازە، ئەویش کێشەی (اخوان المسلمینە).

کێشەی (اخوان المسلین) کێشەی  زۆربەی وڵاتە عەرەبیەکانە. تورکیاش ئەمڕۆ بەیدەق بەدەستی ئەو ڕەوتە و بزووتنەوەیە، بە واتایەکی تر تورکیا ھەڕەشەیە لەسەر زۆربەی وڵاتانی عەرەبی.

لێرەوە ئیسرائیل چاک دەزانێت، دژایەتیکردنی تورکیا واتە کردنەوەی دەرگای ئاشتییە بە ڕووی عەرەبدا.

لە شیتەڵکردنەوە و ڕاڤەکردنی ئەو ھاوکێشەیە، دەگەینە ئەو ئەنجامەى، کە ھەنگاوی ستراتیجی لەمەودوای ئیسرائیل سەرنجراکێشانی عەرەبە و رقەبەرایەتی تورکیای ئەردۆگانە!.

بۆ ئەو مەبەستەش ئیسرائیل جێگۆڕکێ بە ھاوپەیمانە کوردەکانشی دەکات و ئاراستەی پەیوەندی و ھاریکاری و ھەماهه‌نگییەکانی بەرەو ئەو ھێزە کوردیانە دەبێت کە دژی تورکیا و ئێرانن، وەک (پەکەکەو یەپەگەو یەپەژە و پژاک)، مامەڵەش لەگەل  ئەو ھێزە کوردییانە کەمدەکاتەوە کە ھاریکار و پەیوەندییان بە تورکیا و ئێران ھەیە، ڕەنگە ھەوڵی ئەوەش بدا پەیوەندییە ئابوورییەکانی کورد لەگەڵ تورکیا نەھێڵێت یا کەمبکاتەوە بە تایبەتی پڕۆسەی ناردنی نەوتی ھەرێم بۆ تورکیا!.

بە دووریشی نازانم ڕێکكەوتنی (شامی نوێ) لەنێوان عێراق و ئوردن و میسر بەشێک بێت لەو پلانە!.

لە پەڕاوێزی ئەم ھاوکێشەیە نوێیەی لە ناوچەکە لە نێوان عەرەب و ئیسرائیل چەکەرە دەکات؛ پێمان دەڵێت: تورکیا وەک ئێران بەرەو گۆشەگیرییەکی زیاتر دەڕوات و ئەو ھێزانەی بە تایبەت (کوردییەکان)ش بەرەو گۆشەگیری و پەراوێزخستن دەچن…

بە کورتییەکەی دەتوانین مەزەندە بکەین، کە لەمەودوا پێگەی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناوچەکە بەرەو لاواز بوون بچێت. لەلایەکی تر پایه‌کانی سوپای تورکیاش لەناو خاکی عێراق و ھەرێمش بەرەو چارەنووسێکی نادیار بچێت! چونکە بەھێزی و بێھێزی و مانەوە و نەمانەی ئەو دوو فاکتەرە پەیوەندییەکی ڕاستەخۆیان بە یەکتره‌وه‌ ھەیە!.

بینینی زیاتر

بابەتی هاوشێوە

Back to top button
Close